بڕیارێكی عێراق 18 ملیۆن مریشكی توركی لهناو دهبات
K24- ههولێر:
قەدەخەكردنی ھاوردەی ھێلكەی توركی بۆ عێراق بووەتە ھۆكاری لەناوچوونی 18 ملیۆن مریشك لە توركیا، بهمهش 8 بهرههمهێنهری پهلهوهر لهو وڵاته مایهپووچ بوونه.
بەگوێرەی رۆژنامەی زەمانی توركی، بڕیارەكەی حكوومەتی عێراق بۆ راگرتنی ھاوردەی ھێلكە لە توركیا، قەیرانێكی یەكجار گەورەی بۆ وەبەرھێنەرانی ھێڵكە لە توركیا دروستكردووه، بەجۆرێك 18 ملیۆن مریشك لە ناوچوون و 8 بەرھەمھێنەریش مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاندوە.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوه، لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا، بەھۆی ئەوەی بەرھەمھێنەرانی ھێلكە لە توركیا توانای دابینكردنی ئالیكیان نییە بۆ مریشكەكانیان، بۆیە بە ناچاری ئەو رێژە زۆرەیان لەناوبردووە.
ئەمە لەكاتێكدایە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە، دەسەڵاتدارانی عێراق ھاوردەی ھێلكەیان لە توركیا قەدەخەكرد، لە ئەنجامیشدا بەرھەمھێنەرانی ھێلكە لەو ولاتە بەناچاری ئەو لەسەدا 20 ی بەرھەمەی كە بۆ عێراق ھەناردەیان دەكرد، ئێستا لە بازاڕی نێوخۆیی توركیا ساخیدەكەنەوە، بەو ھۆیەشەوە نرخی ھێلكە لە توركیا داكەوتنی بەرچاوی بهخۆیهوه بینیوه.
H.B