له قەڵادزێ پۆلیسێک بریندار بوو
K24 – قهڵادزێ:
له گەڕەکی ڕاپەڕینی شارۆچكهی قهڵادزێ، ئێوارهی رابردوو، لە ماڵێکدا دەمەقاڵێ لە نێوان کوڕ و باوکێک روویدا. دەستبەجێ مەفرەزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی پشدەر گەیشتنە شوێنی رووداوەکە بەمەبەستی ئاسایی کردنەوەی گرژی نێوان کوڕ و باوکەكه، بەڵام کوڕەکە بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف تەقەی كردووه و گولـلەیەک بەر دەستی راستی کارمەندێکی پۆلیسی فریاکەوتنی پشدەر بەناوی (د.ق.م) کەوت و بەو هۆیەوه بریندار بوو، پاش ڕووداوەکە دەستبەجێ تەقەکەرەکە دەستگیر کرا.
پۆلیسی راپهڕین رایگهیاندووه، رووداوەکە لەکاتێکدا بووە مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی فریاکەوتنی پشدەر ویستویانە بچن بەدەم کێشەکەوە و پەیوەندی کوڕ و باوکەكه ئاسایی بکەنەوە، بەڵام بریندار بوونی کارمەندێکی پۆلیسی لێکەوتەوە.
کارمەندهكهی پۆلیس لە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ چارەسەری پێویستی بۆ کراوە.
مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و تەقەکەرەکەش بەبڕیاری دادوەر و بە ماددەی 406 راگیراوە.