بەریتانیا ھێزی دەریایی دەنێرێتە ئاوەكانی كەنداو

بۆ پاراستنی كەشتيیە بەریتانییەكان

K24 - هه‌ولێر:

بەریتانیا بۆ پاراستنی كەشتیەكانی 120 كۆماندۆی دەریایی بە چەكی تایبەت دەنێردرێنە ئاوەكانی كەنداو.

دوای ھێرشكردنە سەر دوو تانكەری نەوت ھەڵگر و تۆمه‌تباركردنی ئێران بە ئەنجامدانی ئەو ھێرشە، بەریتانیا بڕیاری داوە بە ناردنی 120 كۆماندۆ و سەربازی دەریایی بە چەكی پێشكەوتوو، بە مەبەستی پاراستنی كەشتيیە بەریتانییەكان.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ته‌له‌گرافی به‌ریتانی، سەرچاوەیەكی باڵای ئه‌و وڵاته‌ ئاشكرای كردووە، ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بێت ئەوان ناچارن ھێزی زیاتریش بنێرنە ئاوەكانی كەنداو بە مەبەستی رووبەرووبوونەوەی كردەوە تێكدەرانەكان و ئەو ھەڕەشانەی دەكرێنە سەر كەشتيیە نەوت ھەڵگرەكان.

پتر لە 30 لەسەدی نەوتی جیھان لە رێگەی گەرووی ھورمزەوە دەچێتە بازارەكانی ولاتانی رۆژئاوا كە بەشی زۆری گازی بەریتانیاش لەخۆدەگرێت.

رۆژی پێنجشەممەى رابردوو, 13ى حوزه‌یرانی 2019، ھێرشكرایە سەر دوو كەشتی نەوتھەڵگر و ئەمریكاش گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە و ئێرانی بە ئەنجامدانی ھێرشەكە تۆمەتبار كرد.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌، دوای ئه‌وه‌ی به‌ریتانیا هاوشێوه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئێرانی به‌ ئه‌نجامدانی هێرشی سه‌ر دوو كه‌شتییه‌كه‌ تۆمه‌تباركرد، ئه‌مڕۆ تاران روب ماكاری، باڵیۆزی به‌ریتانیای له‌ ئێران بانگهێشت كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر لێدوانه‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی بدات، كه‌ په‌نجه‌ی تۆمه‌تی هێرشه‌كانی بۆ كۆماری ئیسلامی درێژ كردبوو.

ئ. م