توركیا تۆمەتبارێك دەكاتە بەڕێوەبەری گشتی بۆرسەی ئیستانبوڵ

لەلایەن ئەمەریكا دەستگیر كرابوو

K24 - ھەولێر

بەرات بایراک، وەزیری دارایی تورکیا، بڕیاری دەستبەكاربوونی هاکان ئەتێلا-ی بەڕێوەبەری پێشووی هالک بانکی وەك بەڕێوەبەری گشتی بۆرسەی ئیستانبوڵ دەرکرد، کە سزای بەندکردنی لە ویلایەتە یەكگرتووەکانی ئەمەریکا بەسەردا سەپێندراوە.

بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمەریکا و هاوکاریکردنی ئێران هاکان ئەتێلا لە لایەن ئەمەریکاوە بۆ ماوەی 32 مانگ لە ئەمەریکا زیندانی کرا.

دواتر ئەمەریکا ئەتێلای ئازادی کرد و گەڕایەوە تورکیا، لەو بارەی کەیسەکەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئیدانەی تۆمەتبارکردنەکەی کرد و رایگەیاند، ئەوە هێرشێکی سیاسییە بۆ سەر حکوومەتەکەی.

ئەتێلا بەوە تۆمەتبارکرا کە لەگەڵ بازرگانێکی زێڕی ئێرانی بەناوی رەزا زەراب، سەدان ملیۆن دۆلاری ئاڵووگۆڕی نا یاسایی لە رێگەی بانکەکانی ئەمەریکا بە ناوی حکوومەتی ئێران و لایەنی دیکە لە وڵاتەکە ئەنجامداوە.

لەو بارەیەوە لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا بڵاوکراوەتەوە، دادگاییکردنی ئەتێلا 5 هەفتەی خایاندووە، بەوەش پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتن ئاڵۆزبوونی بەخۆیەوە بینییەوە.

لە هەمانکاتدا بەرات بایراک، لە ئەژماری فەرمی خۆی لە توویتەر بڵاویکردووەتەوە، "کاتی پشوودانی ئەتێلا کۆتایی هات، دوای ئەوەی گەڕایەوە ناو خێزانەکی و بە شێوەی نادادپەروەری سزادرا. وەک بەڕێوەبەری گشتی بۆرسەی ئیستانبۆڵ دەستبەکاربوو.

لە لایەکی دیکەوە مەولوود چاوەش ئۆغلوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاندبوو، هالک بانک کە لە لایەن دەوڵەتەوە خاوەنداری دەکرێت، لە کارەکانی بەردەوامە تەنانەت ئەگەر سزاکانی ئەمەریکاش بۆ سەر بانکەکە بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو لە کارەکانی بەردەوام دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە ئەمەریکا سزا بخاتە سەر بانکەکە و بەوە تۆمەتباری دەکات کە سەرەڕای سزاکان بۆ سەر ئێران بانکەکە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتەکە هەیە.

جێگەی ئاماژەیه‌ ئابووری تورکیا بە رۆژگارێکی سەختدا گوزەر دەکات، بە جۆرێک رێژەی هەڵاوسان لە بەرزبوونەوەیە و دراوەکەی لە داڕمانە و ئاستی قەرزەکانیشی لە بەرزبوونەوەدایە.