یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌ی "حه‌ڵاڵ" له‌ سعودیه‌ ده‌كرێته‌وه‌

کردنەوەی یانەیەکی شەوانە لە جەددە ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/a1c8d2c5-299c-452d-a5ca-39a7c7a86dab/061319PHH.ism/manifest

K24 - ھەولێر

کردنەوەی یانەیەکی شەوانە لە شاری جدەی سعودیە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لەو وڵاتە وروژاند و ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتووەتەوە. یانەکە ناوی یانەی شەوانەی حەڵاڵی لێنراوە و خێزانییە و بۆ چوونەژوورەوەی هەرکەسێک 500 بۆ هەزار ریال وەردەگیرێت و خواردنەوە و سەما و گۆرانی تێدا دەکرێت.

بەدرێژایی مێژووی دروستبوونی سعودیە، هەرگیز بە بیری کەسدا نەدەهات، رۆژێک بێت، یانەیەکی شەوانە لەو وڵاتە بکرێتەوە، تەنانەت بیرکردنەوەش لە کارێکی وا، سزای لەسەر بووە، بەڵام ئەوەی بەخەیاڵی سعودییەکاندا نەدەهات هاتەدی. زنجیرە یانە شەوانەکانی وایت، کە لە دوبەی و بەیروت لقی هەیە، لە كەنار دەریا و لە شاری جدەی نزیک لە مەککە، پیرۆزترین شوێن لای موسڵمانان لقێکی کردەوە و ناوی یانەی شەوانەی حەڵاڵی لێنرا.

بڵاوبوونەوەی سەمای ژنان و پیاوان لەو یانەیە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وروژاند و ناڕەزایەتی زۆر و هەڵڵایەکی گەورەی نایەوە و پیاوانی ئایینیش بەلادان لە خورەوشتی ئیسلامیانە ناوی دەبەن.

لەم ماوەیەی دوایی و بەتایبەت دوای دەستبەکاربوونی محەمەد بن سەلمان، وەک جێنشینی سعودیە، کرانەوەی زۆر لەو وڵاتە روویدا، پڕۆژەی دیدگای 2030 بۆ وڵاتەکەی دانا و دەستەی گەشتوگوزار.دامەزراند، بەشیوەیەک کە سعودیە ببێتە وڵاتێکی گەشتیاری، سەرەتاش لە هەنگاوە سەرەتاییەکان، بە رێگەدان بە شۆفێری ژنان، کردنەوەی هۆڵەکانی سینەما، سازدانی ئاهەنگە جەماوەرییەکان بۆ هونەرمەندانی گۆرانیبێژ و سازدانی چالاکی و فێستیڤاڵە جیاجیاکان.

ھ.م