خانووه‌ بێ تاپۆكان له‌سه‌ر خاوه‌نه‌كانیان تاپۆ ده‌كرێن

هاووڵاتییان نرخه‌كانییان پێ زۆره‌ و هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌درێت
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

لە پەرلەمانی كوردستانەوە پرۆژە یاسایەك ئامادەیە بۆ ئەوەی خانووە بێ تاپۆكانی بەر لە ساڵی 2018 تاپۆ بكرێن، نرخی ھەر مەترێكیش لە 30 ھەزارەوە تا 60 ھەزار دینار دیاریكراوە، بەڵام ھاووڵاتییان بڕی پارەكە بە زۆر دەزانن و داوای كەمكردنەوەی دەكەن.

لێژنەی شارەوانی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت: "ھەوڵدەدەین لە كۆبوونەوەی داھاتووی لێژنەكە لە ھەر بڕێك 10 ھەزار دینار كەمبكەینەوە".

بەپێی پرۆژە یاساكە، نرخی تاپۆكردنی خانووەكان لە پارێزگا و قەزا و ناحیيەكان جیاوازی ھەیە، خانووەكانی ناو پاریزگاكان بۆ ھەر مەترێك 60 ھەزار دیناری دیاریكراوە، بۆ ناو قەزاكانیش 40 ھەزار و ناو ناحیەكانیش 30 ھەزار دینار، بەڵام لێژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی كوردستان ھەوڵدەدات نرخەكان كەم بكاتەوە.

لە پرۆژە یاساكەدا ھاتووە، ئەو خانووانەی بەر لە ساڵی 2018 درووستكراون و كاریگەرییان لەسەر ماستەر پلانی حكوومەت نەبووە تاپۆ دەكرێن، پرۆژە یاساكەش تا ئێستا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە.

ئ. م