سەعدی پیرە: لە دوو رۆژی داھاتوودا پارتی و یەكێتی لە سلێمانی كۆدەبنەوە

"ناگەڕێینەوە سەردەمی پەنجا بە پەنجا"

K24 - نسلێمانی

دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتەبێژی یەكێتی باسی لە ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە كرد و ئاشكرای كرد لە دوو رۆژی داھاتوودا شاندێكی پارتی سەردانی سلێمانی دەكات و لەگەڵ یەكێتی كۆدەبنەوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە دوو رۆژی داھاتوودا شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی سلێمانی دەكات و لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆدەبێتەوە".

دووپاتیكردەوە: "ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ سەردەمی پەنجا بە پەنجا، بەڵام دەبێ یەكێتی شەریكی راستەقینە بێت لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان".

گوتیشی: "بابەتی دوو جێگر بۆ سەرۆكی حكوومەت لە ھیچ كۆبوونەوەیەكی ئێمە و پارتی باس نەكراوە، ھەندێك كەناڵی راگەیاندن ئەو بابەتە گەورە دەكەن".

سەعدی پیرە، ئەوەی خستەڕوو: "بەوپێیەی فراکسیۆنی پارتی گەورەترین فراکسیۆنی ناو پەرلەمانە، بۆیە ئەوان کاندید بۆ پۆستە باڵاکان رادەسپێرن، ھەروەھا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارتی هاوپەیمانێتی پێکدەهێنن و رێز لە بڕیارەکان دەگرین".

راشیگەیاند: "لە كۆبوونەوەكان لەگەڵ پارتی گفتوگۆ لەسەر پێكھێنانی حكوومەت دەكەین و كاتێك رێككەوتین ئەو كات پۆست و كاندیدەكانمان بۆ حكوومەت ئاشكرا دەكەین".