مەسرور بارزانی: لە خزمەتکردنی خوشک و برایانی رۆژئاوامان درێغی ناکەین

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەمپی بەردەڕەشی بەسەر کردەوە

 K24 – هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی کامپی بەردەڕەشی کرد کە بووەتە لانەی ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان و لە نزیکەوە لە کێشە و پێداویستییەکانیانی کۆڵیەوە.

مەسرور بارزانی لە میانی سەردانکردن و بەسەرکردنەوەی کەمپی بەردەڕەش رایگەیاند: "دەستخۆشی لە هەمووان دەکەم کە پێشوازیتان لە خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان کردووە".

راشیگەیاند، یەک ملیۆن و 500 هەزار ئاوارە ئێستا لە هەموو پارێزگاکانی کوردستانن کە ئەمە ئەرکێکی زۆری خستووەتە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ساڵانە یەک ملیار و 500 ملیۆن  دۆلار خەرجی بەڕێوەبردنی ئەم کامپانانەن.

مەسرور بارزانی گووتی: "هاوکاری کردنی ئەم پەنابەرانە ئەرکێکی نێودەوڵەتییە و داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هاوپەیمانانمان دەکەین هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی ئەم کامپانە بکەن".

سەرۆکی حکوومەت داوای لە بەڕێوەبەرانی کەمپەکە کرد : "تاوەکو ئەو کاتەی ئەم پەنابەرانە کێشەکانیان چارەسەر دەبن و دەچنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئێمە پێشوازیان لێدەکەین و داوا دەکەم لە خزمەتکردنیان کەمتەرخەمیی نەکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر ئاستی سیاسیش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت تاوەکو کێشە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان چارەسەر ببن.

H.J