هەولێر و بەغدا لە چارەسەرکردنی دۆخی کەرکووک نزیک دەبنەوە

شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

K24 – هه‌ولێر:

له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا، شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و هه‌ردوولا گفتوگۆ له‌ سه‌ر چه‌ند دۆسییه‌كی په‌یوه‌ندیدار و چاره‌سه‌رنه‌كراو ده‌كه‌ن.

لەبارەی کاری سەرەکی لیژنەکە، بەختیار شاوەیس، ئەندام پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ی راگەیاند: "پێویستە لیژنەکە پرسی مووچەی خەڵک و رادەستکردن یان رادەستنەکردنی نەوت باس بکات".

راشیگەیاند: "لەبەرئەوەی بڕیارە سەرژمێری بکرێت، دەبێت لە ئێستاوە دەست بە جێبەجێکردنی ماددەی 140 بکەین".

ئەندامێکی دیکەی پەرلەمانی عێراق، محەمەد شاکر، پێی وایە، دەبێت سەرەتا پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاسایی بکرێتەوە و پاشان کێشەی کەرکووک و پرسی جێبەجێکردنی ماددەی 140 باسی لێوەبکرێت.

بۆ چارەسەرکردنی دۆخی کەرکوک، بەرەو پێشچوونی باش لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە، کە لە رێککەوتنی کۆتایی نزیکبوونەتەوە و بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست کوردستان24 کەوتووە، تەنیا ماوەتەوە کاتی واژۆکردن و وردەکاری و خاڵەکانی رێککەوتنەکە رابگەیەندرێت.

H.J