هێزەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان بەردباران کران

رووسیا و تورکیا گەڕێکی هاوبەش ئەنجام دەدەن

K24 – هه‌ولێر:

رووسیا و تورکیا گەڕێکی چاودێری هاوبەش لە شارۆچکەی گرکێ لەگێی رۆژئاوای کوردستان ئەنجام دەدەن و خەڵکی گوندەکانیش بەردبارانیان دەکەن

پەیامنێری کوردستان24 لە شارۆچکەی گرکێ لەگێ رایگەیاند لە چوارچێوەی رێککەوتنی تورکیا و رووسیا لەبارەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ئەمڕۆ پۆلیسی سەربازی رووسیا و چوار زریپۆشی سوپای تورکیا گەڕێکی چاودێری هاوبەش لە ناوچە سنوورییەکانی شارۆچکەی گرکێ لەگێ ئەنجام دەدەن.

پەیامنێری کوردستان24 گوتیشی خەڵکی گوندەکانی سەر بە گرکێ لەگێ لە رێگەکان وەستان و زریپۆشەکانی رووسیا و تورکیایان لە ناوچە سنوورییەکان بەردباران کرد.

ئەمە سێیەمین گەڕی هاوبەشی هێزەکانی رووسیا و تورکیا لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت کە رووسیا و ئەمەریکا رێککەوتنەکانیان لەبارەی سووریا جێبەجێنەکردووە.

H.J