شوانێك بە گولـلەی ھێزەكانی ئێران لە سیدەكان برینداربوو

تۆپخانەكانی ئێران دەڤەری برادۆست و حاجی ئۆمەران تۆپباران دەكەن

K24 - سۆران

تەیفور محەمەد، پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری سۆران رایگەیاند: "شوانێك بەناوی عەبابەكر غەریب عومەر تەمەن 20 ساڵ، بە گولـلەی ھێزەكانی ئێران لە ناوچە سنورییەكانی سیدەكان برینداربوو".

روونیكردەوە: "ئەو شوانەی بریندار بووە خەڵكی ئاكرێیە و بەمەبەستی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات چەند مانگێكە ماڵیان ھێناوەتە كوێستانەكانی ئەو دەڤەرە".

پەیامنێرمان گوتیشی: "تۆپخانەكانی ئێران بەردەوامن لە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەكانی دەڤەری برادۆست و حاجی ئۆمەران و ئاگر لە رەزوباخی گوندنشینانی ناوچەكە كەوتووەتەوە".

لەبارەی چۆڵ بوونی ناوچە سنوورییەكان كرمانج عزەت، قایمقامی سۆران بە كوردستان24ی گوت: "ئەگەر تۆپباران و بۆردوومانی ئێران و توركیا بۆ سەر ناوچەكە بەردەوام بێت ھەموو گوندەكان سەر سنوور چۆڵ دەبن، چونكە تەنھا لە ماوەی دوو رۆژدا كەسێك شەھید بووە و سێ كەسی دیكەش بریندارن".

راشیگەیاند: "چەندین ساڵە دۆخێكی ناسەقامگیر لەو سنوورانە ھاتووەتە ئاراوە و جگە لە زیان بۆ خەڵكی سڤیل، لە رووی سیاسی و سەربازی ھیچ گۆڕانكارییەك رووینەداوە، بۆیە دەبێ پەكەكە و ئۆپۆزسیۆنی ئێران دۆخی ھەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرن، لە ھەمانكاتدا بە پاساوی ھەبوونی ئەو ھێزانە وڵاتانی دراوسێ زوڵمێكی گەورە لە ھەرێمی كوردستان دەكەن".

دوێنێش بەھۆی تۆپبارانی ئێران لە دەڤەری برادۆستی سنووری ناحیەی سیدەكان كچێك بەناوی زەیتون قادر شەھید بوو، دوو برای دیكەشی برینداربوون.

ھ.م