له رۆژی كیمیابارانه‌كه زۆرترین كه‌سی شه‌هید ده‌بێت و دوای 4 مانگ ده‌زانێت
K24- هه‌ڵه‌بجه:
سەعید كاكه شێخ، كه خاوەنی زۆرترین شەهیدی شاری هەڵەبجەیە و له كیمیابارانه‌كه‌دا 35 كه‌سی له ده‌ست داوه، له كاتی كاره‌ساته‌كه‌ی شاره‌كه‌یدا، ئه‌و له كه‌ركووك قوتابی بووه، بۆیە دواى كیمیابارانه‌كه 4 مانگى پێ ده‌چێت، تا خۆی ده‌گه‌یه‌نێته ئۆردوگاکانی ئێران, ئەوکات دەزانێت خێزانەکەی لە دەست داوە.
سه‌عید كاكه شێخ، كه ئه‌و كات ته‌مه‌نی 20 ساڵ بووه و ئێستاش فه‌رمانبه‌ری مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌یه، رۆژانه به ناو دیمه‌نه تراژیدییه‌كانی وێنه و يادگارییه تاڵه‌كانی كاتی كیمیابارانه‌كه‌دا گوزه‌ر ده‌كات، سه‌باره‌ت به چیرۆكه‌كه‌ی دوای كاره‌ساته‌كه، تا ئه‌و كاته‌ی خۆی ده‌گه‌یه‌نێته ئێران بۆ دۆزینه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌ی، ده‌ڵێت: "ئه‌و كات من قوتابی قۆناغی یه‌كه‌مى په‌یمانگا بووم له كه‌ركووك، شه‌و هه‌واڵمان پێ گه‌یشتو كه هه‌ڵه‌بجه كیمیاباران كراوه، رۆژی دواتر كاتێك گه‌یشتینه‌وه سلێمانی، كار له‌كار ترازا بوو، رێگه‌ش نه‌بوو بگه‌ڕێینه‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه, تا نزیكه‌ی 2 مانگ، رۆژانه سه‌ردانی وێستگه‌ی گواستنه‌وه "گه‌راج"ـمان ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر دۆخی هه‌ڵه‌بجه بزانین، به‌ڵام هه‌ر كه‌سێك به جۆرێك هه‌واڵی پێ ده‌داین".
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، "پێیان گوتم باوكت بێتاقه‌ته و گوتوویه‌تی به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، ده‌بێت خۆی بگه‌یه‌نێته ئێران، منیش تاقیكردنه‌وه‌ی وه‌رزێكی په‌یمانگام ته‌واو نه‌كردبوو، به‌ڵام ماڵی پورێكم گوتیان تا خوێندنه‌كه‌ت ته‌واو نه‌كه‌یت، نابێت بچیت. سه‌ره‌تا له ڕێگه‌ی هه‌ولێره‌وه هه‌وڵێكم دا، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووم، دواتر گه‌ڕامه‌وه و خوێندنه‌كه‌م ته‌واو كرد، ئینجا له رێگه‌ی رانیه و قه‌ڵادزێوه چووینه قه‌ندیل و له‌وێشه‌وه خۆمان گه‌یانده ناوچه‌ی سه‌رده‌شت".
ناوی تەواوی خێزانەکەی كاكه شێخ و کەسوکارەکەی له‌سه‌ر تابلۆ ره‌شه‌كه‌ی ناو مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه نووسراونه‌ته‌وه، ئه‌و ڕۆژانە له‌گه‌ڵ دخوێندەوەیاندا، ئاهیان بۆ هەڵدەکێشێت، چونکە وەك خۆی دەڵێت: "نازانم بیر لە کامیان بکەمەوە، تەمەنی من هی ئەو کۆستە گەورەیە نەبوو".
له 16ی مارسی ساڵی 1988، رژێمی به‌عسی رووخا‌و، شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی كیمیاباران كرد، له ئه‌نجامدا زیاتر له 5 هه‌زار كه‌س ده‌ستبه‌جێ شه‌هید بوون و دواتریش له‌ژێر كاریگه‌ریی گازه ژه‌هراوییه‌كه، به هه‌زاران كه‌سی دیكه و تا ساڵی دواتریش، گیانیان سپارد، ئه‌مه‌و وێڕای برینداربوونی نزیكه‌ی 10 هه‌زار كه‌سی دیكه له‌و كیمیابارانه‌دا، تاوانه‌كه‌شیان ته‌نیا ئه‌وه بوو، كه كورد بوون.
H.B