منداڵێك دووچاری نه‌خۆشیه‌كی ده‌گمه‌ن دەبێت

موو جەستەی منداڵێك دادەپۆشێت
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لە یەكێك لە كەمپی ئاوارەكانی شاری سلێمانی، منداڵێك دووچاری نەخۆشییەكی دەگمەن ھاتووە، بەوەی جەستەی موویەكی زۆری ھەیە و دایكی منداڵەكە دەڵێت، چەندین جار سەردانی پزیشكیان كردووە، بەڵام تائێستا ھیچ چارەسەرێك بۆ منداڵە تەمەن 5 ساڵانییەكەی نەدۆزراوەتەوە و ئەمەش دووچاری بارێكی خراپی دەروونی كردوون.

کاوە منداڵێکی تەمەن 5 ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی دێرکی رۆژئاوای کوردستانە، ئێستا  ئەو لەگەڵ خێزانەکەی لە یەکێك لە کەمپەکانی پەنابەران لە سلێمانی نیشتەجێییە. کاوە دووچاری حاڵەتێکی دەگمەن بووە و مووی زۆر لەسەر جەستەی وایکردووە لەو تەمەنەوە رووخساری وەك مرۆڤێکی نا ئاسایی گەورەتر لە تەمەنەکەی خۆی دەردەکەوێت.

دایکی کاوە باس لەوە دەکات ئەوان بەھۆی نەخۆشی کوڕەکەیانەوە ژیانی پەنابەریان ھەڵبژاردووە و لە ھەرێمی کوردستان گیرساونەتەوە، چونکە لە سووریا زۆر سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە بۆ بنبڕکردنی ئەو حاڵەتە لە کوڕەکەی، بەڵام سوودی نەبووە، وەك باسی لێوەدەکات لەو ماوەیەی لە سلێمانی نیشتەجێبوونە زۆر ھەوڵیانداوە بۆ چارەسەری کوڕەکەیان، بەڵام تائێستا چارەی دەردەکەی کاوە نەدۆزراوەتەوە.

دایكی كاوە بە كوردستان24 گوت: "ئێمە لەبەر كوڕەكەمان لە رۆژئاوای كوردستانەوە ھاتووینەتە ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی رێكخراوە خێرخوازەكان چارەیەك بۆ كوڕەكەم بدۆزنەوە، زۆرجار سەردانی رێكخراوەكان و پزیشكانمان كردووە، بەڵام چارەسەر بۆ كوڕەكەم نەدۆزراوەتەوە".

یەکێك لە خەمەكانی دایکی کاوە ئەوەیە ھەرکاتێك کوڕەکەی بۆ یاریی کردن دەچێتە کۆڵان و بەردەرگا و ئارەزوو دەکات لەگەڵ ھاوتەمەنەکانی یاریی بکات و رابکات، بەڵام بەھۆی جیاوازی رووخسارییەوە منداڵەکان لێی دوور دەکەونەوە، رەنگە کاوە ھەرنەشزانێ دوورە پەرێزی منداڵان لێی ھۆکارەکە چییە.

دایکی کاوە لە تاو کوڕەکەی بیریچووە کە ئێستا ئەوان لە کەمپ ژیان بەسەر دەبەن، بەڵکو خەمی گەورەی دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ کوڕەکەی، ھێشتا بەھیواوە سۆراغی نەخۆشخانە و پزیشکان دەکات، تا داوای دەردی کاوە بکات.

ھ.م