نیویۆرک تایمز ئامانجی جووڵە سەربازییەکانی ئەمەریکا ئاشکرا دەکات

ئەمەریکا دوو ئامانجی هەیە

K24 – هه‌ولێر:

ئیسرائیل چەند زانیارییەکی هەوڵگیری لەبارەی ئێران بە ئەمەریکا داوە و بێنیامین نەتەنیاهوی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش لە مانگی شووباتی ئەمساڵەوە، کەڵکەڵەی جەنگی ئێران کەوتووەتە سەری.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی لە زاری چەند شیکەرەوە و بەرپرسێکی سەربازیی پێشووی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە، حکوومەتی ئسیرائیل مەبەستی نییە جەنگێکی گەورە لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا درووست بکات چونکە ئەو جەنگە رەنگە تەشەنە بسەنێت و ئیسرئیل خۆشی لە رێگای هاوپەیمانەکانی ئێرانی وەک حزبوڵڵا زیانی زۆری پێبگات.

بە گووتەی شارەزایان، ئەمەریکا لە زیادکردنی فشارەکانی دوو ئامانجی هەیە، یەکەم ناچارکردنی تارانە بە رێککەوتنێکی نوێ کە تووندتر بێت لە رێککەوتننامەکەی ساڵی 2015، یاخود هاندانی خەڵکی ئێرانە بۆ خۆپیشاندان و رووخانی حکوومەتی وڵاتەکەیان.

ئامۆس یاڵدن، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگیری ئیسرائیل بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی گوتووە: "کەس بیر لە گۆڕینی رژێمی ئێران لە رێگای سەربازیی ناکاتەوە، بەڵکو ئامانجەکە ئەوەیە رژێم لاواز بکرێت. بە لاوازکردنی ئابووری، وا لە خەڵکی ئێران بکرێت رژێمەکەیان بگۆڕن، بڕوام وایە ئەمە ئامانجی سەرەکییە".

دەشڵێت: "باشتر لەو کارە، پێم وایە رێککەوتنێکی دیکەیە لەگەڵ ئێران".

لە چەند هەفتەی رابردوو، بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائیل کۆبوونەتەوە، ئیسرائیلییەکان هۆشدارییانداوەتە ئەمەریکییەکان کە ئێران نیازی هەیە هێرشبکاتە سەر ئەمەریکا لە عێراق.

هەروەها، وڵاتانی سعوودییە و ئیماراتی لەوە ئاگادار کردووەتەوە کە ئێران هێرشیان دەکاتە سەر لە رێگای هاوپەیمانەکانی.

هەواڵگیری ئیسرائیل ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئێران چەند مووشەکێکی دوور هاوێژی لە رۆژئاوای عێراق و نزیک لە دەریاچەی رەزازە جێگیرکردووە و ئامانج لێی پێکانی چەند پێگەیەکە لە ناو ئیسرائیل، ئەمەش لە لایەن وەزیری وزەی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی پشتڕاستکراوەتەوە.

"جەنگمان ناوێت"

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی سێشەممە رابردوو رایگەیاند کە ئەوان جەنگیان ناوێت، دەشزانن کە ئەمەریکاش جەنگی ناوێت.

پاتریک شاناهان، وەزیری بەرگری ئەمەریکا هەمان لێدوانی دا و رایگەیاند، ئەمەریکا نایەوێت لەگەڵ ئێران جەنگ هەڵبگیرسێێت، ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکاش هەمان لێدوان داوە.

ئەمانە تەنها لێدوانن، بەڵام راستییەک هەیە ئەوەیش ئەوەیە، ئێران بە گوێڕایەڵی دانانیشێت و سەیر بکات ئەمەریکا چۆن ئابوورییەکەی وێران دەکات، ئەمەریکاش رەنگی چیدی دەستدرێژییەکانی ئێران قبووڵ نەکات.

ئیسرائیلییەکان پێیان وایە تەنانەت هێرشەکانی ئەم دوایەی سەر چوار کەشتی بازرگانی سعوودیی و ئیماراتی میلیشیاکانی ئێران ئەنجامیان داوە.

حووسییەکانی سەر بە ئێرانیش، چەند رۆژ دوای ئەوە لە رێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، هێرشیان کردە سەر دوو وێستگەی نەوتی سعوودییە.

بۆ ئەمەش، شارەزایان دەڵێن، ئەگەر ئێران ئەو کارانەی بەسەردا ساغببێتەوە، ئەوا رێککەوتنی نوێش چیدی بژاردە نابێت، بەڵکو تاران قورستر باجەکەی دەدات.

H.J