رۆژنامه‌نووسێكی تورك: كورد برای ئێمه‌ن و رێز له‌ ئاڵای كوردستان بگرن

"با رێزگرتن له‌ ده‌ست نه‌ده‌ین و دۆستایه‌تی تێكنه‌ده‌ین"

K24 - هه‌ولێر:

رۆژنامه‌نووسێكی دیاری تورك، له‌ باره‌ی رووداوی هێرشكردنه‌ سه‌ر گه‌شتیاره‌ كورده‌كان به‌هۆی ئاڵای كوردستانه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، كورد گه‌لێكی دێرینی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌ و پێویسته‌ رێز له‌ ئاڵاكه‌یان بگیرێت.

مسته‌فا ئاكیۆل، رۆژنامه‌نووسێكی ناسراوه‌ و له‌ تویته‌ره‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌، كورد دۆست و برای توركن و هه‌رێمی كوردستانی عێراقیش دۆستی توركیایه‌.

ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ له‌ تویته‌كه‌یدا ده‌شڵێت: "ئاڵاكه‌یان وه‌ك ئاڵای هه‌موو خه‌ڵكی دیكه‌ جێگه‌ی رێزه‌، با رێزگرتن له‌ ده‌ست نه‌ده‌ین، با دۆستایه‌تی تێكنه‌ده‌ین، با رێگه‌ له‌ جوداخوازی بگرین".

به‌هۆی هه‌ڵكردن و پۆشینی جلوبه‌رگ به‌ ئاڵای كوردستانه‌وه‌، 9 گه‌شتیاری كورد له‌ شاری ترابزۆنی توركیا، له‌لایه‌ن ره‌گه‌زپه‌رستانه‌وه‌ هێرشیان كرایه‌ سه‌ر، ئه‌مڕۆش به‌ هه‌وڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر 9 گه‌شتیاره‌كه‌ ئازادكران و ئێستاش له‌ رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌دان بۆ هه‌رێمی كوردستان

ئ. م