مسته‌فا هیجری پیرۆزبایی له‌ مه‌سرور بارزانی ده‌كات

بەرپرسیاریەتییەکی زۆر گەورەتان کەوتووەتە سەرشان

K24 – هه‌ولێر:

مسته‌فا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران له‌ په‌یامێكدا، پیرۆزبایی حزبه‌كه‌ی ئاراسته‌ی مه‌سرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد و هیوای خواست، هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و كه‌ناری ئارامیی و ئاشتی و ئاوه‌دانی زیاتر به‌رێت.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

زۆر بەڕێز/ جەنابی کاك مەسروور بارزانی

سڵاوێکی دۆستانە،

لە لایەن خۆم و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، پیرۆزبایی گەرمتان پێشکەش دەکەم، بە بۆنەی هەڵبژاردنتان لە په‌رله‌مانی هەرێمی کوردستان وەك سەرۆك وەزیرانی ئەو هەرێمە.

بێگومان لەم قۆناغەدا کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ زۆر کێشە و کەموکوڕیی ناوخۆیی و دەرەکی بەرەوڕوویە و چاوەڕوانیی خەڵکیش لە کابینەی نوێی حکوومەت بە سەرۆکایەتیی بەڕێزتان لە ئاستێکی بەرزدایە، بەرپرسیاریەتییەکی زۆر گەورەتان کەوتووەتە سەرشان.

هیوادارین بە هەستکردن بەو بەرپرسایەتییە و لە هەمان کاتدا، کەڵک وەرگرتنی بەجێ لە هەموو دەرفەتەکان، بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ بن و هەرێمی کوردستان بەرەو کەناری ئارامی، ئاشتی و ئاوەدانی راکێشن.

لەگەڵ رێزی دووبارە

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتی

مستەفا هیجری

22ی جۆزەردانی 1398ی هەتاوی

12ی ژووئەنی 2019ی زایینی