یەكێتی دوا بڕیار لەسەر رێككەوتن لەگەڵ پارتی دەدات

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كۆدەبێتەوە

K24 - سلێمانی

بڕیارە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كۆببێتەوە و دوا بڕیار لەسەر واژۆكردنی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بدات.

پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند "بڕیارە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كۆببێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "مەبەست لەو كۆبوونەوەیە تاوتوێكردنی ئەو رێككەوتنە سیاسییەیە، كە بڕیارە پارتی و یەكێتی واژۆی بكەن و مەكتەبی سیاسیی یەكێتی قۆناخ و خاڵەكانی رێككەوتنەكە تاوتوێ دەكات و لە كۆتاییشدا، دوا بڕیار لەسەر ئەو رێككەوتنە دەدات".

ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، رێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتی لە قۆناخی كۆتایی دایە و رێككەوتنێكی گشتگیریان كردووە، كە بارودۆخی ھەرێمی كوردستان و دۆخی ژیانی خەڵك لەخۆی دەگرێت.

لە كۆبوونەوەكانی پێشتریان پارتی و یەكێتی بڕیاریان داوە كە رێككەوتنێكی سیاسی واژۆ بكەن، ھەروەھا بڕیاریشە لە 18ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆببنەوە.