كۆمەڵی ئیسلامی گەشبین نییە و خۆی یەكلایی نەكردووەتەوە

پارتی: بۆ پێكھێنانی حكوومەت سەردانی ھەموو لایەنەكان دەكەین
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەرپرسێكی کۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، حزبەکەی زۆر ئارەزووی لە بەشداریکردن لە کابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان نییە، بێباکی خۆشیان لە بەشداریکردن یان نەکردن لە حکوومەت ئاشکرا دەکات، لە بەرامبەردا ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی ئاشکرای دەکات کۆمەڵی ئیسلامی یەکێک لەو لایەنانەیە کە لە داھاتوودا پارتی سەردانی دەکات.

کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان تائێستا بە فەرمی لەلایەن پارتی، داوای بەشداریکردنی لە حکوومەت لێ نەکراوە، لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی پێکھێنانی کابینەی نوێش، ھیچ کۆبوونەوەیەك لە نێوان ئەو دوو لایەنە ئەنجام نەدراوە.

بیلال سلێمان، بەرپرسی ناوەندی حکوومەت و پەرلەمانی کۆمەڵی ئیسلامی بە كوردستان24 راگەیاند: "كۆمەڵی ئێسلامی ھێشتا نەگەیشتووەتە ئەو بڕوایەی كە رۆڵ و كاریگەری دەبێت لە كابینەی داھاتووی حكوومەت بۆ باشتركردنی بارودۆخی ھەرێمی كوردستان، بۆیە كۆمەڵ گەشبین نییە بۆ بەشداریكردن لە حكوومەت".

گوتیشی: "بۆ پێكھێنانی حكوومەت ھیچ گفتوگۆیەكمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان نییە، بەڵام وەك پەیوەندی سیاسی پێمان باشە پەیوەندییمان بەھێزبێت".

ئێستا خواستێک لەنێو پارتی ھەیە، پێش پێکھێنانی حکوومەت سەردانی ھەموو لاینەکان بکات، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانیش یەکێکە لەو لایەنانەی پارتی سەردانی دەکات، وەک خۆیان دەیڵێن، مەرج نییە ئەوەی پارتی سەردانی کرد بەشداری لە حکوومەت بکات، بەڵام مەرجیش نییە ئەوەی لە حکوومەت نەبێت، پارتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بپچرێنێت.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "لەو بڕوایەدام لەم ھەفتەیە گفتوگۆكان دەست پێبكەنەوە، پارتی ھێڵی سووری لەسەر ھیچ لایەنێك نییە، تائێستا برادەرانی كۆمەڵ خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوە بەشداری لە حكوومەت دەكەن یان نا، بەڵام ئەگەر ھەڵوێستیشیان نەبێت وەك پارتی سەردانی كۆمەڵ و ھەموو لایەنەكانی دیكە دەكات".