حكوومەتی عێراق چوار ناوی بۆ پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكان پێشكەشی پەرلەمان كرد

پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكوومەت دەدات

K24 - بەغدا

شڤان جەباری، پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: "بڕیارە لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر ناوی ئەو چوار ناوە بدرێت كە حكوومەت بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیر پێشكەشی پەرلەمانی كردون".

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24ی گوت: "دوای فشاری زۆر بۆ تەواوكردنی پێكھاتەی حكوومەت ئێستا رێككەوتن لەنێوان لایەنەكان ھەیە، شەوی رابردوو حكوومەت ناوی چوار كەسی بۆ پەرلەمان ناردووە، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ دەنگیان لەسەر دەرێت".

ئاشكراشی كرد: "ناوی ئەو وەزیرانەی بۆ پەرلەمان نێردراوە بریتین لە فاروق ئەمین شوانی، بۆ پۆستی وەزارەتی داد، یاسین یاسری بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ، سەفانە حەمدانی بۆ پۆستی وەزیری پەروەردە، لیوا نەجاح عادلی، بۆ پۆستی وەزیری بەرگری".

سەبارەت بە ناوی فاروق شوانی بۆ پۆستی وەزیری داد و رێككەوتنی لایەنە كوردییەكان لەسەری بەشیر حەداد گوتی: "ئێستا رێككەوتنێك لەنێوان پارتی و یەكێتی لەسەر ناوی فاروق شوانی ھەیە، فراكسیۆنەكانی دیكەش باوەڕناكەم ھیچ قسەیەكیان لەسەر ھەبێت، چونكە پێشتر ئەو بابەتە لەنێوان پارتی و یەكێتی ناكۆكی لەسەر ھەبووە".

بەشیر حەداد، ئاماژەی بەوەشدا: "رەنگە ھەندێك دەنگی ناڕەزایی دژی دانانی ئەو وەزیرانە ھەبن، بەڵام ئومێد دەكەم ئەمڕۆ بتوانین ئەو بابەتە یەكلایی بكەینەوە و دەنگیان لەسەر بدەین".

ئەمڕۆ 200 رۆژ بەسەر پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق تێدەپەڕێت، بەڵام تائێستا چوار وەزارەت بێ وەزیر ماونەتەوە.

ھ.م