چوار کورد کاندیدن بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا

ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پێشوەخەتە لە بەریتانیا ئەنجام دەدرێت

K24 – لەندەن:

ئه‌مڕۆ له‌ به‌ریتانیا، هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌ختی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا بۆیەکلایی کردنەوە برێگزت (چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا) به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

كاتژمێر 7ی بەیانی بەکاتی بەریتانیا  سندوقەکانی دەنگدان بەرووی دەنگدەراندا دەکرێنەوە و پرۆسەکە دەستپێدەکات و تا كاتژمێر 10ی شەو به‌رده‌وامده‌بێت.

لە کۆی 67 ملیۆن ھاووڵاتی بەریتانی، 46 ملیۆن مافی دەنگدانیان ھەیە. سێ هەزار و 322 کاندید کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنای 650 کورسی پەرلەمانی بەریتانیا.

لەم ھەڵبژاردنەدا چوار کورد به‌ربژێرن بۆ پەرلەمانی بەریتانیا ( نەدیم زەھاوی ، ئیبراھیم دوگوش ، فێریاڵ کلارک و کاوە بەھەشتی زادە). بەپێی پێشبینییەکان رێژەی دەرچوونی نەدیم زەھاوی 91% و رێژەی دەرچوونی ئیبراھیم دوگوش 55% و رێژەی دەرچوونی فێریاڵ کلارک 44% و کاوە بەھەشتی زادە 40% دەبێت .

نەدیم زەھاوی بۆ جاری دووەمە لەسەر پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار خۆی کاندید كردۆته‌وه‌ ، ناوبراو لەھەڵبژاردنی 2010 توانی سەربکەوێت و ببێتە پەرلەمانتاری بەریتانیا.

ئیبراھیم دوگوش لەسەر پارتی کرێکارانی ئۆپۆزیسۆن خۆی کاندید کردووە ، ناوبراو بۆجاری دووەمە خۆی کاندید دەکاتەوە، بەڵام لەھەڵبژاردنی 2010 نەیتوانی سەربکەوێت و ئێستاش سه‌رۆكی شاره‌وانی لامبێرسه‌ له ‌له‌نده‌ن.

فێریاڵ کلارک لەسەر پارتی کرێکاران و کاوە بەهەشتی زادەش لەسەر لیبڕاڵەکان، یەکەم جارە خۆیان کاندید دەکەن.

بۆریس جۆنسون، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لە مانگی ئۆکتۆبەردا ئەم هەڵبژاردنەی راگەیاند؛ ئەمەش لەپاش هەوڵدانێکی بێ هوودەی زۆر بۆ رازیکردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە هەتا رێکەوتننامەکەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا پەسەند بکات.

بەشێوەیەکی نەریتی، هەر پێنج ساڵ جارێک لە مانگی (مارس) لە بەریتانیا هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە سێهەم هەڵبژاردن دەبێت لە ماوەی پێنج ساڵدا.

لە بەریتانیا 650 کورسی پەرلەمانی هەیە بۆ کێبڕکێ کردن لەسەریان، هەر پارتێک توانی 326 کورسی بەدەست بهێنێت دەتوانێت حکومەت دابمەزرێنێت.

چوار پارتی سەرەکی لە بەریتانیادا هەیە کە تەنها دووان لەوان بەشیوەیەکی واقیعیانە دەرفەتی درووستکردنی حکومەتی سەرتاسەرییان هەیە ئەوانیش پارتەکانی (کرێکاران و پارێزگارانن) کە لە مێژووی نوێدا تەنها ئەو دوو پارتە حکومداریان کردووە. پارتەکانی دیکەش لیبرال دیموکرات و پارتی نەتەوەیی سکۆتلاندین، بنکەی جەماوەری ئەم دوو پارتە هێندە بەهێز نییە کە بتوانن تاکلایەنە هەڵبژاردنی سەرتاسەری ببەنەوە، لیبرالیزمی دیموکراتەکان بە سەرۆکایەتی جۆ سوینسن لە رووی پیادەکردنی سیاسەتەوە لەگەڵ ماهیەتی خەڵکی بەریتانیا بە گشتی هاوتەریب نیيه‌، هەر بۆیە هەتا ئێستاش نەیانتوانیوە حکومڕانی رەهایی بەدەست بهێنن.

H.J