داعش لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین خۆی رێکدەخاتەوە

"هێزە عێراقییەکان ناتوانن رێگریان لێ بکەن"

K24 – هه‌ولێر:

بۆشایی ئه‌منی له‌ به‌شێك له‌ ناوچه‌كانی سنووری پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین بۆته‌ زه‌مینه‌ خۆشكه‌ر له‌به‌رده‌م شانه‌ نووستووه‌كانی داعش تا وه‌ك هێزی چه‌كداریی خۆیان رێك بخه‌نه‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ سوپای عێراق بۆ كۆتایی هێنان به‌ شانه‌ و مۆڵگه‌ی چه‌كدارانی داعش چه‌ندین ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام بەوته‌ی په‌رپرسانی كورد، ئۆپه‌راسیۆنی هێزه‌ عێراقییه‌كان بێ ئه‌نجام بوون و نه‌یانتوانیوه‌ كۆتایی به‌ خۆ ڕێكخستنه‌وه‌ و مه‌ترسییه‌كانی داعش له‌و ناوچانه‌ بهێنن.

مەلا حەسن، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لەو بارەوە بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە حەمرین و رۆژئاوای تکریت و سامەڕا و ناوچەکانی حەویجە، چەکدارانی داعش خەریکی کڕین چەک و خۆ رێکخستنەوەن".

عیرفان حەمەخان، جێگری لیوای سێی پیادەی پێشمەرگە، دەڵێت، کاتێک هێزە عێراقییەکان ئۆپەراسیۆن دژی داعش ئەنجام دەدەن، چەکدارانی داعش پێشتر زانیارییان پێدەگات و خۆیان حەشار دەدەن.

ماوەیەکە جمووجۆڵی چەکدارانی داعش لەسنووری پارێزگاکانی دیالە، رومادی، کەرکووک، سەڵاحەدین و موسڵ بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوو لەزیادبوونە، لەو ناوچانەش ناو بەناو داعش گورزی کوشندە لە ھێزە ئەمنیەکانی عێراق و ھاووڵاتیان دەدات.

ئەمەش ئەوە دووپات دەکاتەوە عێراق ھێشتا لەبەردەم مەترسییەکی گەورەی پاشماوەکانی داعش و سەرھەڵدانەوەی شەڕو ئاڵۆزی دایە. 

H.J