شێخ شامۆ: نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی كه‌سانی تێكۆشه‌رن و ده‌رچووی رێبازی بارزانی نه‌مرن

"وێڕای گله‌ییه‌كانمان به‌ڵام به‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه‌ دڵخۆشین"
kurdistan24.net

K24- شێخان:

كوردانی ئێزدی هیوا و ئومێدی زۆریان له‌سه‌ر كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵچنیوه‌ و داواكارن حكوومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان گرنگی به‌ مافه‌كانیان بدات و داخوازییه‌كان جێبه‌جێ بكات و چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌كانیان بدۆزێته‌وه‌.

راسپاردنی مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بووه‌ته‌ بابه‌تی گه‌رمی ناو پێكهاته‌ی ئێزیدی و ریشسپی و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كان و رۆشنبیرانی ئێزیدی داوا ده‌كه‌ن پێگه‌ی پێكهاته‌كه‌یان له‌ناو كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت به‌هێز بكرێت و فه‌رامۆش نه‌كرێن و وه‌ك هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی دیكه‌ مافه‌كانیان له‌به‌رچاو بگیرێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ شێخ شامۆ، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی باڵای بنكه‌ی لالش دڵخۆشی خۆی به‌ هه‌ڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی نوێی هه‌رێمی كوردستان و راسپاردنی مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت‌ نیشان ده‌دات و ئه‌ركه‌ نوێییه‌كه‌یان لێ پیرۆز ده‌كات.

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، وێڕای ئه‌و گله‌ییانه‌ی ئێزیدیان هه‌یانه‌، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و راسپاردنی سه‌رۆكی حكوومه‌ت دڵخۆشییه‌كی زۆری له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدییه‌كان درووست كردووه‌، چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه‌ی هه‌ڵبژێردراون، كه‌سانی تێكۆشه‌رن و ده‌رچووی رێبازی بارزانی نه‌مرن".

لای خۆشیه‌وه‌ برین تحسین بەگ، نوێنه‌ری میرێ ئیزدییان له‌ بەغدا داوا ده‌كات: "حكوومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان پێكهاته‌ی ئێزیدی له‌بیر نه‌كات و هاوكارییان بكات و له‌ كابینه‌ی نوییدا به‌شدارییان پێ بكات"، دووپاتیشیكرده‌وه‌، "ئێمه‌ داوا ده‌كه‌ین له‌ جومگه‌ گرنگه‌كانی وه‌ك سه‌ركردایه‌تی كورد و دامه‌زراوه‌ی یاسادانان به‌شداریمان پێ بكرێت".

H.B