پارتی 3 پێشنیاز بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركووك ده‌خاته‌ روو

كوردستان 24 ناوی به‌شێك له‌ لێژنه‌كانی پارتی و یه‌كێتی ئاشكرا ده‌كات
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

پارتی 3 پێشنیازی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەخاتەروو، لە بارەی ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکوکیش 3 مەرجی هەیە، یەکێتیش پۆستی پارێزگاری کەرکووکی دەوێت و مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتیش لیژنەیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکووک سەردانی بەغدا بکەن. کوردستان 24 ناوی ئەندامانی بەشێک لە لیژنەکان ئاشکرا دەکات.

له‌كاتێكدا پۆستی پارێزگاری کەرکووک گرفتی سەرەکی بەردەم رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتیە؛  پارتیش سێ پێشنیاز بۆ ئەو پۆستە دەخاتە روو، بەپێ پێشنیازەکانی پارتی، یان نەجمەدین کەریم پارێزگار بێت یان با پۆستەکە بۆ پارتی بێت.

لە بارەی لیژنە هاوبەشەکەی نێوان پارتی و یەکێتیش دیاری حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: لیژنەکە لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیاریکراوە بەڵام دیار نییە کەی دەچنە بەغدا.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا یەکێتی كه‌ لیژنەی بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکووک پێکهێناوە، بەڵام پارێزگاری کەرکووک بە مافی خۆی دەزانێت، لە بارەی کەسێکی بێ لایەنیش بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک، مەلا شاخی، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌: "با له دهۆک و هەولێریش کەسی بێ لایەن بۆ پۆستی پارێزگار دابنرێن".

به‌ گوێره‌ی ئەو زانیاریانه‌ى دەست کوردستان 24 کەوتوون، لیژنەکەی پارتی لە ئاستی مەکتەبی سیاسی ده‌بێت، كه‌ بريتين له‌ فازل میرانی، دکتۆر رۆژ نوری شاوێس و مەحمود محەمەد، له‌كاتێكدا لیژنەکەی یەکێتيش پێكديت له رەفعەت عەبدوڵا و ئەرسەلان بایز.

ئەم لیژنەیە چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی و پەرلەمانتاریشی تێدا دەبێت، دوای گەیشتنە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەست بە گفتوگۆ دەکەن، بۆ ئاسایکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک بەو شێوەیەی پارتی و یەکێتی لەسەری رێککدەکەون.

H.B