وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندی به‌ نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ ده‌كات

مایك پۆمپیۆ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی ئه‌نجامدا

K24 - هه‌ولێر:

نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكوه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا، په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنى له‌ مايك پۆمپيۆ، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكاوه‌ پێگه‌يشت و پرۆسه‌ى سياسيى عێراقیان تاووتوێكرد.

له‌ په‌يوه‌ندييه‌ ته‌له‌فۆنييه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى و پۆمپيۆ، تاووتوێى دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسى و ئايینده‌ى پرۆسه‌ى سياسيى عێراقيان كرد و تيشكيان خسته‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تيى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و هه‌وڵه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تيى كۆمار و كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى داهاتووى عێراق.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ چڕكردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ سه‌رخستن و به‌ره‌وپێشبردنى پرۆسه‌ى سياسى له‌ عێراق كرده‌وه‌ و هيوايان خواست كه‌ قۆناغى داهاتووى عێراق، قۆناغى سه‌قامگيريى سياسى و ئه‌منى بێت و حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتى داهاتووى عێراق ڕه‌نگدانه‌وه‌ى خواست و مافه‌كانى هه‌موو پێكهاته‌ عێراقييه‌كان بێت.

له‌مباره‌يه‌وه‌ مایك پۆمپيۆ ئاماژه‌ى به‌ گرنگيى رۆڵى كارا و به‌رچاوى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌شداريى پرۆسه‌ى سياسيى عێراق و پێكهێنانى هه‌رسێ سه‌رۆكايه‌تييه‌كانى وڵاتدا كرد.

تاووتوێكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، به‌شێكى ديكه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كه‌ى مايك پۆمپيۆ، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا بوو له‌گه‌ڵ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان.‌

ئ. م