قەبارەی قەرزەكانی عێراق ملیاران دۆلارە

ێراق لەبەردەم تەحەدایەكی گەورەیە بۆ دانەوەی قەرزی كەڵەكەبوو
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

خۆپیشاندان بەھۆی خراپی دۆخی ئابووری عێراق، تاوەكو ئێستاش بەردەوامە و داوای بەجێھێنانی داواكارییەكانیان دەكەن، بەڵام لێرەدا شارەزایانی ئابووری خراپی دۆخی ئەو وڵاتە بۆ  وەرگرتنی ئەو قەرزە زۆرە دەگەڕێننەوە كە بۆ چەندین ساڵ عێراق وەریگرتووە و  نەیتوانیوە بەپێی پێویست بۆ وەبەرھێنان سوودی لێوەربگرێت. لەوبارەوە راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی  دەڵێت، قەبارەی قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی عێراق ملیاران دۆلارە و پلان هەیە لەماوەی هەشت ساڵدا یەكلابكرێنەوە.

چیرۆكی عێراق لەگەڵ قەرز لەكاتی جەنگی عێراق و ئێران سەریھەڵدا، ئەوكات بە قەرزێك لەو جەنگە دەرچوو كە بڕەكەی 80 ملیار دۆلار بوو، تا ساڵی 2003  قەرزی سەر ئەو وڵاتە گەیشتە نزیكەی 128 ملیار دۆلار، ئەوەش بەر لەوەی بەھەماھەنگی چەند وڵاتێك و نەتەوە یەكگرتووەكان و سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی و ھەروەھا رێككەوتنی یانەی پاریس، توانراوە لە نزیكەی %80ی ئەو قەرزە پێش ساڵی 1999 خۆشببن.

مەزھەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی  رایدەگەینێت، ئێستا قەبارەی قەرزی دەرەكی لە عێراق 28 ملیار دۆلارە و بڕێكی دیكەی قەرزی دەرەكی ھەن، كە پەیوەستە بە رێككەوتنی یانەی پاریس كە تاوەكو ئێستا یەكلایی نەكراوەتەوە و بە 9 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، دانەوەی ئەو قەرزانە بەش بەش دەدرێتەوە، كە لە 2020ـەوە دەستپێدەكات و دەبێت تا 2028 تەواو ببێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، قەرزە ناوخۆییەكانی عێراق دەگاتە نزیكەی 42 ملیار دۆلاری بانكەكانی ناوەندیی و رافیدەین و ئەل تی بی ئەی و بانكی رەشید.

ئەو راوێژكارە جەختیش لەوەدەكاتەوە كە بڕێكی دیكەی قەرز ھەن بە 42 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت و تایبەتە بە وڵاتانی كەنداو و چەند وڵاتێكی دیكەی جیھانی كە دەگەڕێنەوە، سەردەمی پێش ساڵی 1990 و قەرزی دەرەوەی رێككەوتنی یانەی پاریس بووە و ئەو قەرزانە بە هەڵواسراوی ماونەتەوە و تەنیا لە رێگەی ئەو رێككەوتنەی پاریسەوە چارەسەر دەكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە تاوەكو ئێستاش خۆپیشاندان لە عێراق دژ بە حكوومەتی وڵاتەكە بەردەوامە. خۆپیشاندەران سوورن لەسەر بەجێھێنانی داواكارییەكانیان كە خۆی لە گۆڕینی حكوومەت و بنبڕكردنی گەندەڵی و دابینكردنی خزمەتگوزاری دەگرێتەوە.

ھ.م