ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان ئۆپەراسیۆنەكانی دەستپێدەكاتەوە

"ھەفتانە چوار ئۆپەراسیۆن ئەنجامدەدەین"

K24 - ھەولێر

ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعشی لە رۆژئاوا دەستپێکردەوە و بڕیارە ھەفتانە چوار ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدەن و بۆ یەكەمجاریش گەڕ لە ناوچەیەكی حەسەكە دەكەن.

کێنێس مەکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا رایگەیاند، لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) دەستیان بە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش کردووەتەووە و ھەفتەی سێ بۆ چوار ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن.

مەکێنزی دەشڵێ "سەرەڕای ئەوەی لە 3ی ئەم مانگەوە بەھۆی ئەو ھێرشانەی کە دەکرانە سەر بنکە سەربازییەکانمان ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعشمان راگرتبوون، بەڵام لە رۆژئاوای كوردستان و لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکرات دەستمان بە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش کردووتەوە".

ئەمە لەکاتێکدایە کە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ھێشتا ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعشی لە عێراق راگرتوون.

پەیوەست بەو پرسە بۆ یەكەمجار ھێزەكانی ئەمەریكا گەرێكی چاودێرییان لە شارۆچكەی تلبەرەكی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامدا.

دوێنێ ھێزەكانی ئەمەریكا لە شارۆچكەی تلبەرەك كە دەكەوێتە باشووری قامشلۆ و 42 كیلۆمەتر لە ناوەندی حەسەكە دوورە، گەرێكی چاودێرییان ئەنجامدا. تیمی كوردستان24 یاوەری شاندی ئەمەریكای لەو گەڕە چاودێرییە كرد.

پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند، ھێزەكانی ئەمەریكا دابەزیونەتە نێو خەڵك و پێیان گوتوون لە ناوچەكە دەمێننەوە و دەیانپارێزن.

ھ.م