شاندی دانووستانكاری بەغدا وردەكاریی گفتوگۆكان بۆ پەرلەمان دەخاتەڕوو

پەرلەمان و شاندی دانووستانكاری بەغدا دوو پرس تاوتوێ دەكەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان و شاندی دانووستانكاری ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا كۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی رێككەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا و كێشەی ناوچە كوردستانییەكان دەكەن.

ئومێد خوشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی گرنگە كە باس لە گفتوگوكانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەكەین، كە لەماوەی رابردوودا پێشوەچوونی باشی بەخۆوە بینیوە، لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان و رێككەوتن بەتایبەت لەسەر بودجە و مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان".

گوتیشی: "ھەرچەندە بەھۆی دۆخی عێراق نەتوانراوە بودجەی 2020ی عێراق پەسند بكرێت، بەڵام شاندی دانووستانكاری ھەرێمی كوردستان بەردەوام بووە لە گفتوگۆكان و بەپێی زانیارییەكانی ئێمە ھەواڵی دڵخۆشكەر ھەن، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و رێككەوتن".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، گوتیشی: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا تەواوی وردەكاریی و زانیارییەكان بۆ پەرلەمانی كوردستان دەخرێنەڕوو".

راشیگەیاند: "شاندی دانووستانكاری حكوومەت بە داتا زانیارییەكان دەخاتەروو، دواتر ئەندامانی پەرلەمان ھەر پرسیار و سەرنجێكیان ھەبێت ئاراستەی شاندەكەی دەكەن".

ئومێد خۆشناو، ئاماژەی بەوەشدا: "لەبەر ئەوەی ھێشتا گفتوگۆكان بەردەوامن لەگەڵ بەغدا و نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی، بۆیە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ داخراو دەبێت، چونكە ناكرێت پێش رێككەوتن ھەموو زانیارییەكان ئاشكرا بكرێن".

ھ.م