بەغدا لە نێوان واشنتن و تاران کامیان هەڵدەبژێرێت؟

عێراق دەبێت خۆی یەکلا بکاتەوە

K24 – هه‌ولێر:

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە سەردانەکەی بۆ بەغدا بە بەرپرسانی عێراقی راگەیاند، ئەگەر لەگەڵ ئێمە نابن، خۆتان بخەنە لاوە (بێ لایەن بن).

پێنج هەزار سەربازی ئەمەریکی لە عێراق هەن؛ لە کاتێکدا، ئێران لە رێگای گروپە میلیشیاکانی رۆلێکی کاریگەرتری لە بەغدا هەیە.

واسیق ئەلهاشمی، شارەزای سیاسی لە عێراق بە رۆژنامەی واشنتن تایمزی گوتووە: "پرسیارەکە ئەوەیە چۆن سەرکردەکان مامەڵە دەکەن لە وڵاتێک کە خەڵکەکەی سۆزی بۆ هێزە دەرەکییەکان هەیە".

دەشڵێت: "ئەگەر بەغدا نەتوانێت میلیشیا ئێرانییەکان بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی، عێراق دەبێتە مەیدانی جەنگی ئەمەریکا و ئێران".

لە سەرەتای ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند کە دەیەوێت هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بمێننەوە تاکو چاودێری ئێران بکەن، ئەمەش تووڕەیی تاران و بەشێک لە بەرپرسانی بەغدای لێکەوتەوە.

چەند سەرچاوەیەک بۆ واشنتن تایمزیان ئاشکرا کردووە، پۆمپیۆ لە سەردانەکەی بۆ عێراق ئەوەشی خستووەتەوە روو کە ئەمەریکا نایەوێت جەنگی ئێران بکات، بەڵام ئەگەر لە عێراق هێرشبکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانیان، ئەوا وەڵامی گونجاوییان دەبێت.

عێراق کە خەڵکەکەی وەڕەزن لە جەنگ و نەهامەتی، ناچار کراوە بە هەڵبژاردنی لایەک لە نێوان واشنتن و تاران، بەڵام پێدەچێت بۆ لای هەر کامیان بڕوات، پارێزراو نەبێت.

ئێران دەڵێت کە رۆڵی لە شکستی داعش هەبووە و یارمەتی عێراقییەکانی داوە، ئەمەریکاش بوونی هێزەکانی ئێران لە عێراق بە مەترسی بۆخۆی دەزانێت، لەم نێوەندەشدا، ئەگەر بەغدا زۆر زیرەکانە هەنگاو نەنێت، دەکەوێتە ناو جەنگێکی نوێوە.

 H.j