پاریس: پرسی سزادانی توركیا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا تاوتوێ ده‌كه‌ین

توركیا له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی سزاكانه‌

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زیری فه‌ره‌نسا بۆ كاروباری ئه‌وروپا، ئه‌میلی دی مۆنچاڵێ ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر توركیا له‌ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فته‌ی داهاتووی لوتكه‌ی ئه‌وروپا ده‌خه‌ینه‌ به‌ر باس.

هاوكات دوێنێ، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا، بانگی باڵیۆزی توركیای له‌ پاریس كرد و ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ هێرشی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان ده‌ربڕی و ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ی كرد.

رۆژی 9ی ئۆكتۆبه‌ری 2019، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، له‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌كه‌ی، كاتژمێر (04:00)ی ئێواره‌ به‌ تویتێك له‌ تویته‌ره‌وه‌ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی دژی رۆژئاوای كوردستان راگه‌یاند و فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا ده‌ستیان به‌ بۆردومانی شاره‌ كوردییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان كرد.