گه‌نجێك به‌هۆی يارى په‌بجی كۆتایی به ژیانی خۆی هێنا
K24 - هه‌ولێر:
كۆمیسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ له عێراق رایگه‌یاند، هه‌رزه‌كارێك له پارێزگای بابلی ناوه‌ڕاستی عێراق، به‌هۆی یاریی PUBG, كۆتایی به ژیانی خۆی هێنا.
یاری په‌بجی، كه له ئادار/ مارسی 2017، به‌رده‌ست بوو، به‌كارهێنه‌رێكی زۆر، به‌تایبه‌تیش له ریزی هه‌رزه‌كاران، روویان تێكرد، له یارییه‌كه‌دا 100 یاریزان، له فڕۆكه داده‌به‌زنه ناو نه‌خشه‌یه‌ك، كه پڕه له چه‌ك و له دژی یه‌ك شه‌ڕ ده‌كه‌ن، براوه‌ش یه‌ك كه‌س، یان یه‌ك تیمی چوار كه‌سی ده‌بێت.
زێدان عه‌توانی، ئه‌ندامی كۆمیسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ له عێراق رایگه‌یاندووه، به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ستییان كه‌تووه، هه‌رزه‌كارێكی ته‌مه‌ن 17 ساڵ، به‌هۆی یارییه‌كه كۆتایی به ژیانی خۆی هێناوه.
به گوێره‌ی گوته‌ی كه‌سوكاره‌كه‌ی، كه به كۆمیسیۆنه‌كه‌یان راگه‌یاندووه، هۆكاری رووداوه‌كه ئه‌وه بووه، گه‌نجه‌كه كه‌وتووه‌ته ژێر كاریگه‌رییه‌كی زۆری یارییه‌كه و ئالووده‌ی ببوو.
كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ له راگه‌یه‌ندراوێكدا، داوا ده‌كات توێژینه‌وه له‌سه‌ر یارییه‌كه بكرێت و ئه‌و زیانانه‌ی به‌هۆی یارییه‌كه به‌ر به‌كارهێنه‌ران ده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌تیش گه‌نجانی عێراق، دیاری بكرێن و چاره‌سه‌ری پێویستییان بۆ بدۆزرێته‌وه.
زێدان عه‌توانی، داوا له خێزانه عێراقییه‌كان ده‌كات، چاودێری زیاتر بخه‌نه سه‌ر گه‌نجانییان و به شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك منداڵه‌كانییان له‌سه‌ر یارییه‌كان رابهێنن و ماوه‌یه‌كی دیاریكراویان پێبده‌ن.
ئالووده‌بوونی یارییه‌كه له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان له‌ناو هه‌رزه‌كاران باوه، به‌مدواییانه له عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش، به‌شێك له زانایان حه‌رامی یارییه‌كه‌یان راگه‌یاند، به‌تایبه‌تیش سه‌رقاڵبوون به یارییه‌كه له كاتی كاركردندا.
جگه له‌وه‌ش به‌شێك له زانا ئایینییه‌كان رايانگه‌یاند، یارییه‌كه چه‌ندین كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه: رأي اليوم
ئ. م