راگەیاندراوێک لە راگەیاندنی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان

رێگە لەو جۆرە عەقڵیەتانە بگرن كە ھەوڵی شەڕانگێزانە و فیتنەنانەوە دەدەن

K24 – هه‌ولێر:

راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، ره‌خنه‌ی له‌ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان گرتووه‌ و تێیدا هاتووه‌: ئێمە لە پارتیی دیموكرات چاوەڕوانیمان لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوە بوو ھەڵوێستیان بەرامبەر بەو بێڕێزییەی كراوە ھەبێت و رێگە لەو جۆرە عەقڵیەتانە بگرن، كە ھەوڵی شەڕنگێزانە و فیتنەنانەوە دەدەن و رێگا لەوانە بگرن، كە بە راسپاردە و فیتی خەڵكی دیكە ھەڕەشە لە یەك پارچەیی خاكی كوردستان دەكەن.

سه‌باره‌ت به‌ مه‌حموود سه‌نگاوی و وته‌كانیشی، راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی رایگه‌یاندووه‌، كەسێكی نا سیاسی و نەزان، بە زمانێك قسە دەكات، كە ئەگەر ھەر لە فه‌رهه‌نگی بێ پەروەردەییدا ھەبن، ناوەخت و بێ بیانوو بەسەر پارتیدا دەڕشێتەوە، كە تەنیا خوێندنەوە بۆ ئەم جۆرە رەفتارەی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەم رەوشە ناسكه‌دا، كە ناوچەكەی پێدا تێ دەپەڕێت بکرێت، تێكدانی ئیستقرار و یەك دەستیی و یەكگرتوویی كوردستان و ئاشووب نانەوەیە دژ بە بەرژەوەندیی نیشتمانی و نەتەوەییمان و ھیچ تەفسیرێكی دیكە ھەڵناگرێت. 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

بە پشوو درێژی پارتی و سەرۆك مەسعود بارزانی، بە ھەوڵ و ھیمەتی ھەمووان، زەمینەی لێك تێگەیشتن و پێكھاتن لەسەر كۆی پرس و بابەتەكان ھاتووه‌تە ئاراوە و گرێ کوێرەکان کراونەتەوە و ھەنگاوەكانی پێكھێنانی كابینەی نۆیەم گەیشتوونەتە دوا قۆناغ كە دەمێكە خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی دەكەن بۆ رۆژانێكی باشتر و ئیستقراری سیاسی و ئابووری. لەو كاتەدا کە ناوچەكە و دەوروبەرمان لەبەردەم پێشھات و ئەگەری جۆراوجۆردان كەپێكەوەبوون و كاركردنی ھاوبەش لە ھێزە سیاسییەكان چاوەڕوان دەكرێت، كەسێكی وەكو مەحموود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) نەك ھەر نامسئولانە خۆی دەكاتە دەمڕاستی یەكێتی، بەڵکو بەریش دەدرێتە پارتی و رەمزی كوردستانمان.! 

خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی موژدەی خۆش و قسەی خێر و ھەنگاوی جدی و گوتاری عەقڵانی لە ھەموو لایەك دەكەن، كەچی كەسێكی نا سیاسی و نەزان بە زمانێك قسە دەكات كە ئەگەر ھەر لە قامووسی بێ پەروەردەییدا ھەبن، ناوەخت و بێ بیانوو بەسەر پارتیدا دەڕشێتەوە كە تەنیا خوێندنەوە بۆ ئەم جۆرە رەفتارەی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەم رەوشە ناسكه‌دا كە ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت بکرێت، تێكدانی ئیستقرار و یەك دەستی و یەكگرتوویی كوردستان و ئاشوب نانەوەیە دژ بە بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەییمان و ھیچ تەفسیرێكی دیكە ھەڵناگرێت. 

ئەم جۆر و كەسانەی ناو رێزەكانی (ی.ن.ك) كە بە پیاوكوژ و كەڵەگایی لە خەڵكی ھەژار و قاچاخچیەتی و رۆژنامەنووس كوژ و مافیایانە ناسراون، لە پێكھێنانی حكومەتێكی بەھێز دەترسێن كە رێگایان لی بگرێت لە كەڵەگایی و ناوچەگەری و رەفتارە مافیاییەكانیان. 

بەداخەوە رەوشی ناوخۆی (ی.ن.ك) بەم رۆژە گەیشتووە كە لە مستەوای مەكتەبی سیاسیدا ھەریەكە و بە ئاوازێك بخوێنێ و داوا جاریش خیتابی سیاسی خەریکە بكەوێتە لای جنێوفرۆش و دەم ھەراشەكان و مەكتەبی سیاسی یەكێتیش ھەر بەوەندە ئیکتفا بکات کە زۆر بەشەرمنانە قسەكانی مەحموود سەنگاوی بە قسەی یەكێتی نەزانێ لەجیاتی ئیدانەكردن و ئیجرائات وەرگرتن...

ئێمە لە پارتی دیموكرات چاوەڕوانیمان لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوە بوو ھەڵوێستیان بەرامبەر بەو بێڕێزیەی كراوە ھەبێت و رێگە لەو جۆرە عەقڵیەتانە بگرن كە ھەوڵی شەڕانگێزانە و فیتنە نانەوە دەدەن و رێگا لەوانە بگرن كە بە راسپاردە و فیتی خەڵكی دیكە ھەڕەشە لە یەك پارچەیی خاكی كوردستان دەكەن.

دڵگرانیشین كە ئەو جۆرە كەسانە ببنە قسەكەر و مدافعی یەكێتی و حەیف بۆ ئەو ھەموو خەبات و قوربانیدانەی خەڵكی كوردستان كە خیتابی سیاسی كەم و زۆر بكەوێتە لای نەزان و جنێوفرۆش و ئەوانەی لەخەمی نیشتیمان و نەتەوەدانین جگە لە ئەنجامدانی راسپاردەكان...

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

18/6/2019