شاندێکی ئەنەکەسە سەردانی ئەمەریکا دەکات

"باس لە ناوچەی ئارام و کێشەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەن"

K24 – هه‌ولێر:

بڕیارە شاندێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بۆ تاوتوێکردنی ناوچەی ئارام، سەردانی ئەمەریکا بکات.

کامەران حاجۆ، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە بە کوردستان24ی راگەیاند: "بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندێکی ئەنەکەسە سەردانی ئەمەریکا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوە کۆببێتەوە".

حاجۆ جەختیکردەوە، مژاری سەرەکی کۆبوونەوەکانیان لە بارەی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا و دووبارە ئەکتیڤ کردنەوەی پرۆسەی سیاسی و دۆخی رۆژئاوای کوردستان دەبێت.

دروستکردنی ناوچەی ئارام لە لایەن ئەمەریکا و تورکیا، یەکێکە لە گەرمترین پرسەکانی ئێستای سووریا. هەرچی لەبارەی کوردیشە، دوو بۆچوونی جیاوازی هەیە، هەندێک پێیا وایە، دروستکردنی ناوچەی ئارام سوودی کوردی تێدایە بەوەی لە جەنگێکی دیکە بەرامبەر بە سوپای تورکیا دوور دەکەونەوە، هەندێکی دیکەش پێیان وایە، ناوچەی ئارام، پلانێکی دیکەی تورکیایە بۆ لەناوبردنی حکوومی خۆبەڕێوەبەریی کورد لە رۆژئاوای کوردستان.

 H.J