كەنەدا نووسینگەی بازرگانی لە بەغدا دەكاتەوە

كەنەدا 265 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە لە عێراق تەرخانكردووە

K24 - ھەولێر

حكومەتی كەنەدا وادەی كردنەوەی نوسینگە بازرگانییەكەی لە بەغدا ئاشكرا دەكات.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی عێراق - كەنەدا، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، كەندا بوونی دیپلۆماسی و بازرگانی خۆی لە عێراق بە شێوەیەكی بەرچاو زیادكردووە، بۆ ئەو مەبەستەش كۆتایی ئەمساڵ نووسینگەیەكی بازرگانی لە بەغدای پایتەختی عێراق دەكاتەوە، ئەویش دوای ئەوەی كە تەنیا لە ھەرێمی كوردستان ھەیبووە.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی عێراق-كەنەدا ئاشكراشی دەكات، كە لە ماوەكانی 2016 تا 2019 حكوومەتی كەنەدا لە رێگەی ھاوبەشی نێودەوڵەتی و بازرگانییەوە، چەندین پڕۆژەی لە عێراق ئەنجامداوە، كە لەلایەن حكوومەتی كەنەداوە پاڵپشتی دارایی كراوە، بەجۆرێك بەڵێنیداوە كە بە بەھای زیاتر لە 265 ملیۆن دۆلار بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە لە عێراق تەرخان بكات.

ئەمە لەكاتێكدایە بازرگانی نێوان عێراق  و كەنەدا لە كۆتایی 2017 گەیشتە نزیكەی 144 ملیۆن دۆلار.