ههڕهشهی چۆڵكردن له ژمارهیهك گوندی كوردنشین دهكرێت
K24 - ههولێر:
دانیشتووانی گوندەكانی شارهدێی سەرگەڕان داوا دەكەن حكومەتی ھەرێمی كوردستان بێتە سەر هێڵ، چونكە عەرەبە ھاوردەكان خەریكە گوندەكانیان پێ چۆڵ دەكەن، ئەمەش دوای ئەوەی بڕیاردرا ئەمساڵ كوردەكان دەتوانن گەنمەكانیان دروێنه بكهن، بەڵام بۆ ساڵی داھاتوو پێویستە ئەو دۆسیەیە دادگا یەكلایی بكاتەوە، دانیشتوانی ئەو گوندانەش واھەست دەكەن دادگا پشتیوانی عەرەبە ھاوردەكان دەكات و لە ئەنجامدا ناچار دەبن گوندەكان چۆڵبكەن.
ناوچەکه قەدەغەکراوە، نە هێزی پێشمەرگە هەیە نە سوپای عێڕاق، بەڵکو لەنێوان هەردوو هێزدایە، گوندی لهێبان، چەند رۆژێک لەمەوبەر هێزە عێڕاقییەکان بۆ ئەم گوندە هاتوون و بەزۆر دروێنەی دەغڵ و دانیان بە دانیشتووانی گوندەکە ڕاگرتووە، تا داهاتەکانیان لەگەڵ عەرەبە هاوردەکان بەش بكەن، بەڵام كوردەكان رازی نەبوون.
سوپای عێڕاق بەچەند هەمەڕێکەوە هاتووهته گوندەکانی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان و خەڵکەکە ئاگادار دەکاتەوە، کە دەبێ یان زەوییەکان بدەنەوە عەرەبەکان یان نیوەی داهاتەکانیان پێبدەن.
ئێوارەی ڕۆژی 22 ی ئەم مانگە بڕیاردرا کوردەکان دەتوانن گەنمەکانیان بدوورنەوە، بەڵام بۆ ساڵێکی دیکە دەبێ دۆسیەی زەوی و زارەکان له دادگا یەکلابکرێنەوە، ئەمەش بەڕای دانیشووانی ئەو گوندانە، جۆرێكی دیكەی تەعریبە.
ناوچەكە پێیدەگووترێ دەشتی کەندێناوە، لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای دوبزە، 72 گوند لەخۆ دەگرێت، دانیشتووانەکەش داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن ئاوڕێکی راستەقینەینان لێبدەنەوە، چونکە ئەگەر دۆسیەکانیان بچنە بەردەم دادگاکانی بەغدا دوور نیيە خاکەکەیان لەدەست بدەن، ئەوکاتیش شتێک نەمێنێت بەناوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
ئ. م