ئەکرەم ئیمامئۆغڵو: خەڵکی ئیستانبوڵ دیموکراسییان ژیاندەوە

جارێکی دیکە کاندیدی جەهەپە بەسەر کاندیدی ئەکەپە لە ئیستانبوڵ سەرکەوت

K24 – هه‌ولێر:

ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، كاندیدی جەھەپە بۆ شارەوانی ئیستانبوڵ، سەركەوتنی خۆی راگەیاند و دووپاتیشی كردەوە، خەڵكی ئیستانبوڵ دیموكراسییان ژیاندەوە.

ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بە بەشداری ھەزاران كەس،  درەنگانی شەوی رابردوو گوتاری سەركەوتنی بەسەر بنالی یڵدرم پێشكەشكرد و ئاماژەی بەوە كرد، ھەموو لایەنەكان لە ئیستانبوڵ، لە ھەدەپە و ئاكپارتی و پارتەكانی دیكە، پشتگیرییان كردووە و سوپاسی كردن.

ئاماژەی بەوەش كرد، خەڵكی ئیستانبوڵ وەڵامی كۆنەپەرست و تاكڕەوانی دایەوە و دیموكراسییان نۆژەن كردەوە.

بەڵێنیشیدا، سەردەمێكی نوێی خزمەتگوزاری و دیموكراسی دەستپێبكات و ئەخڵاق بۆ سیاسەت بگەڕێنێتەوە.

بەگوێرەی سایتی ئانادۆڵ، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵدا، 10 ملیۆن و 870 هەزار و 222 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو، تیایدا لەکۆی 31 هەزار و 186 سندوق، 30 هەزار و 989 سندوقیان کرانەوە.

بەپێی ئەنجامەکانی بەرایی هەڵبژاردنەکان، 99.37% سندوقەکان کراونەتەوە و 8 ملیۆن و 868 کەس دەنگی داوە و لەوانە 8 ملیۆن و 696 هەزار و 552 دەنگ هەژمار کراون. بەوپێیەش رێژەی بەشداربوون 84.4% بووە. 

کاندیدی جەهەپە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، چوار ملیۆن و 698 هەزار و 782 دەنگ، کاندیدی ئاکپارتی بینالی یڵدرم، سێ ملیۆن و ٩٢١هەزار و 201 دەنگی بەدەست هێناوە. ئیمامئۆغڵو لەسەدا 54%ی دەنگەکان و بینالی یڵدرمیش 45%ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە. بەپێی ئەنجامی ئەو سندوقانەی کە کراونەتەوە، جیاوازی دەنگی نێوان هەردوو کاندید، 777 هەزار و 581 دەنگبووە. 

H.J