تیمەکانی بەرگری شارستانی ھەرێمی کوردستان بەهانای ئێرانەوە دەچن

بەرپرسانی ئێران بە فەرمی داوای بەھاناوەچوونیان كردووە
kurdistan24.net

K24 - چۆمان

دوای ئەوەی ئاگرێك لە دەروازەی سنووری لە "بازاڕچەی تەمەرچین" لەدیوی رۆژھەڵاتی كوردستان كەوتەوە، ئێران بە فەرمی داوای لە ھەرێمی كوردستان كرد، بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە تیمەكانی بەرگری شارستانی بەھانایانەوە بنێرێت، بۆیە تیمێكی بەرگری شارستانی گەیشتنە ئەو شوێنە و ئاگرەكەیان كۆنترۆڵكرد.

عەمیدی مافپەروەر عیماد رێکانی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە کوردستان24ی راگەیاند: "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەمە لەلایەن بەرپرسانی ئێرانی لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی تەمەرچین بە فەرمی داوا لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران کرا بۆ بەهانەوەچوونی تیمەکەمان لەو دەروازە سنوورییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە، بۆیە ئێمەش رەزامەندیمانداو دەستبەجێ گەیشتینە شوێنی رووداوەکە لەنێوان پیرانشار و دەروازەی سنووری تەمەرچین لەنێو خاکی ئێران، تیمەکانمان توانیان کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکەن و رێگریشیان لەزیانی گیانی کرد".

روونیكردەوە: "رووداوەكە ئاگر گرتنی کامیۆنێکی هەڵگری 26 تۆنی رۆنی ئۆتۆمبێل بوو، لەبەرامبەر كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە و چوونی تیمەكانمان بۆ ئەو دیو، هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان دڵخۆشی و سوپاسگوزاری خۆیان دەربڕی".

ھ.م