بۆچی دوای نانخواردن خەواڵوو دەبین؟

هۆکار و چارەسەرییەکان چین؟

K24 – هه‌ولێر:

زۆر کەس دوای نانخواردن، بە تایبەتی ئەو ژەمانەی بە کاربۆهایدرەیت و پڕۆتین دەوڵەمەندن، خەوێکی قورس دایاندەگرێت، ئەمەش هۆکار و چارەسەری خۆی هەیە.

شارەزایان بڕوایان وایە دەردانی هۆرمۆنی سێرۆتۆنین لە دوای خواردن، یەکێکە لە هۆکارەکانی خەواڵوویی.

سێرۆتۆنین رۆڵی هەیە لە رێکخستنی قۆناغەکانی خەو و سووری خەوتن.

هەروەها، جۆرێک لە ترشی ئەمینۆ بە ناوی تریپتۆفان لەناو لەشی مرۆڤ هەیە کە یارمەتی لەش دەدات سێرۆتۆنین دەربدات. خواردنی پڕۆتین و کاربۆهایدرەیتیش دەبێتە هۆی دەردانی تریپتۆفان.

ئەمەش وا دەکات، بوونی بڕێکی زۆر لە کاربۆهایدرەیت و پڕۆتین لە ژەمە خۆراکییەکانمان ببێتە هۆی ئەوەی خەواڵوو و بێ وزە بین.

ئەو خواردنانەی بە پڕۆتین دەوڵەمەندن و دەبنە هۆی دەردانی تریپتۆفان:

ماسی سالمۆن

مریشک

هێلکە

سپیناخ

شیر

بەرهەمەکانی سۆیا

پەنیر

ئەو خواردنانەی بە کاربۆهایدرەیت دەوڵەمەندن و دەبنە هۆی خەواڵوویی:

پاستا

برنج

نان

کێک و بسکیوت

گەنمە شامی

شەکر و شیرینیەمەنییەکان

چەند هۆکارێکی دیکە:

خواردنی بڕێکی زۆر خواردن دەبێت هۆی زیادبوونی رێژەی شەکر لە خوێندا و ئەمەش بێهێزیی بە دوادا دێت.

کەم خەویی لە شەودا

خواردنەوەی ماددە کحولییەکان لەگەڵ ژەمەکان

چارەسەر

زیادکردنی ژەمەکان و کەمکردنەوەی بڕی ئەو خواردنەی دەیخۆیت.

خەوتن لە شەودا بە شێوەیەکی تەندروست

کەمێک خەو لە رۆژدا

بوونی رووناکی لەو شوێنەی لە دوای نان خواردن بۆی دەچیت

نەخواردنەوەی کحوول لەگەڵ نان

Medical News Today

H.j