دەنگێكی نامۆ لە رۆژھەڵاتی كوردستان دەبیسترێت

داوا لە حكوومەتی ئێران دەكرێت لەو دەنگە نامۆ و سەرسوڕھێنەرەی ئیلام بكۆڵێتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

دانیشتووانی ناوچەیەكی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، ماوەیەکە دەنگێكی سەرسوڕهێنەرو نامۆ دەبیستن، كە لەژێر زەوی ناوچەكەوە دێت، هاوکاتیش سەلام ئەمینی، نوێنەری پارێزگای ئیلام لە پەرلەمانی ئێران، داوای لە حکوومەت کردووە، بە پەلە لەبارەی ئەو دیاردە نامۆیە لێکوڵینەوە بکات، کە ترس و دڵەراوەکێی لای خەڵکی ناوچەکە دروست کردووە.

ماوەیەکە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەشێک لە ماڵپەڕەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا قسە لەسەر بینینی ماددە و تیشكی سەیروسەمەرە لە ئاسمان و بیسیتنی دەنگی نامۆ دەكرێت.

وەک دانیشتووانی ئەو ناوچانە باسی دەكەن، دەنگەكە دەنگێكی نامۆ بووە و بەشێكی زۆر لە دانیشتووانی سەراولەی ئیلام بۆ چەند جارێک گوێیان لێ بووە.

بە گوێرەی قسەی شاهێدحاڵەکان، هەندێک جار ده‌نگێك لە ئاسمانەوە دێت، کە لە دەنگی ئاژەڵەوە نزیکە و هەندێک جاریش لە ژێر زەوییەوە هاتووە، کە لە دەنگی تەقینەوە نزیکە. بەڵام سەرەڕای بەڵێنەکانی وەزارەاتی ناوخۆی ئێران بۆ لێکۆڵینەوە، تا ئێستا ئەو دەنگە نامۆیە، هۆکارەکی بە نادیاری ماوەتەوە.

ئەو بابەتە تەنانەت گەیشتە پەرلەمانی ئێران و سەلام ئەمینی، نوێنەری شارەکە داوای لە حکوومەتی ئێران کردووە بە پەلە لەبارەی ئەو دەنگە نامۆیە لێکۆڵینەوە بکات. ئەو دەڵێت "پاش بوومەلەرزەکانی دووساڵی رابردوو، ئەو دەنگە نامۆیە لە زۆربەی ناوچەكانی ئێران دەبیسترێت".

بەپێی شرۆڤەی ناسا، هۆكاری دەنگەكە بۆ بەریەككەوتنی هەور و بە یەكگەیشتنی شەپۆلە موگناتیسییەكانی زەوی و خۆر دەگەڕێتەوە.

لە دوو ساڵی رابردوودا بە هەزاران بوومەلەرزە و ئەم دواییەش لافاو لە ئێران و ناوچەكە تۆمار كراون، كە ئەگەر لە لایەک دیاردەیەكی سروشتی بن، ئەوا لە لایەكی دیكە هاوکات هەبوونی ئەو تیشک و دەنگە نامۆیانە، گومانی جیاوازیان هێناوەتە كایەوە.

ھ.م