له‌ به‌دواداچوونێكی كوردستان 24ـدا په‌رده‌ له‌سه‌ر دۆسیه‌ی تاوانێك هه‌ڵده‌درێته‌وه‌

باوكی خۆی به‌ ده‌مانچه‌ و تاپڕ كوشتووه‌
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

له‌ به‌دواداچوونێكی كوردستان 24ـدا، پۆلیسی هه‌ولێر په‌رده‌ له‌سه‌ر تاوانێكی كوشتن هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و بكوژی راسته‌قینه‌ ئاشكرا ده‌كات.

له‌ یه‌كه‌م رۆژی ره‌مه‌زاندا، كوڕێكی 16 ساڵان به‌ چه‌كی ده‌مانچه‌ و تاپڕ باوكی خۆی ده‌كوژێت و دواتریش هه‌ر به‌وه‌ ناوه‌ستێت و به‌ هاوكاری دایكی ته‌رمی باوكه‌ كوشتووه‌كه‌ی ده‌سووتێنێت، پاشان بۆ شوێنبزركردنی رووداوه‌كه‌، ته‌رمه‌كه‌ له‌ شوێنێكی دوور فڕێ ده‌دات.

پۆلیسی هه‌ولێر له‌باره‌ی ئه‌و رووداوه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، دوو رۆژ بەسەر رووداوی کوشتنەکە تێدەپەرێت، ھاوسەری کوژراوەکە لەگەڵ کورەکەی خۆیان رادەستی پۆلیس دەکه‌ن، لە کاتی لێکۆڵینەوە لەناو ماڵەکەیان دەست بەسەر برێك ماددەی ھۆشبەر و ئامێرەکانی دروستکردنی ماددەکەدا گیراوه‌.

له‌ دانپێدانانه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌، تەرمی كوژراوه‌كه‌ لە ناو حەوشەی ماڵەکەیان سوتێندراوە، دواتر بەدووری نزیکەی ٤٠ کیلۆمەتر لە ماڵەکەیان، لە نزیك زێی گەورە تەرمەکەی بە سووتێندراوی فرێ دەدەن.

هاوسه‌ری كوژراوه‌كه‌‌ دایكی 6 منداڵه‌ و ده‌ڵێت: هاوسه‌ره‌كه‌ی ئالووده‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر بووه‌ و ویستویه‌تی ته‌واوی منداڵه‌كانی و ماڵه‌ خه‌زوورانی بكوژێت، كوڕه‌كه‌ش به‌م هه‌وڵه‌ی زانیوه‌ و ده‌ستپێشخه‌ری كردووه‌ و باوكی خۆی كوشتووه‌، ئێستاش ھاوسەر و کوری کوژراوەکە بە ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەر کراون و چاوەرێی حوکمی دادگا دەکەن.   

H.B