قوباد تاڵەبانی و سه‌عد حه‌ریری دووپات له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌

قوباد تاڵه‌بانی له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی لوبنانه‌وه‌ پێشوازی لێكرا

K24 - هه‌ولێر:

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەلایەن سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی لوبنانەوە له‌ به‌یرووت پێشوازی لێكراو پێكەوە لەبارەی پەیوەندییەكان گفتوگۆیان كرد.

به‌ گوێره‌ی وێبسایتی فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە دیدارێكدا كە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە (11 ئەیلولی 2019) لە "سەرای گەورە"ی تەلاری ئەنجوومەنی وەزیران لە بەیروت بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی و سەعد حەریری پەیوەندییەكانی لوبنان و هەرێمی كوردستانیان تاوتوێكرد.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا قوباد تاڵەبانی، باسی لەوه‌ كرد، پێویسته‌ كۆنسوڵخانه‌ی لوبنان له‌ هه‌ولێر، له‌ فه‌خرییه‌وه‌ بكرێته‌ فه‌رمی، بەو پێیەی ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی لوبنانی لە هەرێمی کوردستانن، لەكۆتاییشدا هەردوولا رێككەوتن لەسەر پەرەپێدانی كاری هاوبەش لە قۆناغەكانی داهاتوودا.

سەردانی قوباد تاڵەبانی بۆلای سەعد حەریری دوابەدوای پێشكەشكردنی وتارێكدا هات لە دیداری زانكۆی ئەمەریكی لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان و لەوێدا جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ ئامادەبووانی ڕوونكردەوە حوكمڕانی باش و ڕەشید رێگر دەبێت لەپەلكێشان و تەشەنەكردنی تیرۆر و ستایشی رۆڵی عادل عەبدولمەهدیی كرد بۆ چارەسەری كێشە كەڵەكە بووەكانی عێراق.

جێی ئاماژەیە بەمەبەستی بەشداریكردن لە دیداری زانكۆی ئەمریكی لە بیروت و زنجیرەیەك دیدار و چالاكی، ئەمڕۆ 11ی ئەیلوولی 2019، قوباد تاڵەبانی گەيشتە بەیروتی پایتەختی لوبنان.

ئ. م