یەكێتی: دانانی دوو جێگر بۆ سەرۆكی حكوومەت پەسند نییە

"لە كابینەی رابردوو لە بەرپرسیاریەتی رامان نەكرد"

K24 - سلێمانی

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت سەردانی سلێمانی بكات و لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كۆببێتەوە، بەرپرسێكی باڵای یەكێتیش دەڵێ، حزبەكەی داوای پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكوومەت دەكات و پێشنیازی دوو جێگریش بۆ سەرۆكی حكوومەت رەتدەكەنەوە.

لەتیف نێروەیی، وتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەگەر یەكێتی بەھێزەوە بەشداری لە حكوومەت بكات دەبێتە ھەنگاوێكی ئەرێنی بۆ سەركەوتنی ئەو حكوومەتە كە سەرۆكەكەی پارتییە، لە كابینەی رابردوو كە ھەندێك وەزارەتی سیادی بە ھەندێك ھێز دران دەبوایە بە یەكێتی بدرابان، چونكە یەكێتی حكوومەتی جێ نەھێشت و لە بەرپرسیاریەتی راینەكرد، بۆیە تا پێگەی یەكێتی بەھێزتر بێت دەتوانێ زیاتر خزمەت بكات".

جەختیكردەوە: "یەكێتی بە فەرمی داوای پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكوومەتی كردووە".

سەبارەت بە پێشنیازی دانانی دوو جێگر بۆ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، وتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی گوتی: "ئەو ئەزموونە سەركەوتوو نییە و یەكێتی و پارتی ئەزموونی ھاوبەشیان ھەیە، پێویست ناكات كەسێكی دیكە بێت ئەزموون بەو دوو ھێزە سەرەكییە بدات، جگە لەمەش لە كابینەی رابردوو نێوانی سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی زۆر پتەوبووە، بۆیە پێویست ناكات كەسێكی دیكە بێت ببێتە ھۆی درز دروستكردن لەنێوان سەرۆكی حكوومەت و جێگر، لە ھەموو جیھانیش دوو جێگری كێشەی دروستكردووە".

ئەوەشی خستەڕوو: "راستە زۆرجار ناكۆكی لەنێوان یەكێتی و پارتی دەبێت، بەڵام بەرپرسیاریەتی ئەو دوو ھێزە لەبواری ئەمنی و سەربازیی و ئیداری و حكومڕانی ئەو ئەركەی لەسەرشانیانە لە بۆچوونی جیاواز و ناكۆكییەكانیان گەورەترە، كە زۆرجار روودەدات".

لەتیف نێروەیی، گوتیشی: "یەكێتی ئەمجارە بە فۆڕمێكی نوێ بەشداری لە حكوومەت دەكات، بەو پێییەی لە كابینەی پێشتر بەھۆی بەرژەوەندی گشتی بەشداربوو، بەڵام ئەمجارە وەك ھێزی دووەم لەگەڵ ھێزی یەكەم كە پارتییە حكوومەت پێكدەھێنن".

ئاماژەی بەوەشدا: "رابردوو سەلماندویەتی ھەركاتێك پارتی و یەكێتی ھەماھەنگ و یەكڕیزبن توانیویانە زیاتر خزمەتی كوردستان بكەن".

ھاوژین جەمال، پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێكدێت لە ئازاد بەرواری، جەعفەر ئیمینكی، مەحموود محەمەد، ھێمن ھەورامی و ئومێد سەباح، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، سەردانی سلێمانی دەكات و سەرەتا لەگەڵ یەكێتی كۆدەبنەوەو دواتر سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەن".

ھ.م