ھەواڵی گەڕانەوەی پێشمەرگە ئاوارەكانی شنگال خۆشحاڵ دەكات

بە گەڕانەوەی پێشمەرگە ئارامی و ئاوەدانی بۆ شنگال دەگەڕێتەوە
kurdistan24.net

K24 - دھۆك

لە سەروبەندی دەنگۆی ئاساییبوونەوەی ناوچە كوردستانییەكان و گەڕانەوەی پێشمەرگە، ئاوارەكانی شنگال پێشوازی لەو ھەنگاوە دەكەن و رایدەگەیەنن، بە گەڕانەوەی پێشمەرگە ناوچەكانیان ئاوەدان دەبنەوە و ئارامی و سەقامگیرییان بۆ دەگەڕێتەوە، ئەمەش رێگە لەبەردەم گەڕانەوەیان خۆش دەكات و بەو شێوەیەش شنگال ئاوەدان دەبێتەوە.

كەریم ھادی، یەكێكە لە ئاوارەكانی شنگال بە كوردستان24 گوت: "تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە شنگال ئارامی و ئاسایش نابێت و رێكخراوە مرۆییەكانیش بە مەبەستی ھاوكاری و ئاوەدانكردنەوە سەردانی شنگال دەكەن. ئێستا لە شنگال كارەبا و ئاو نییە، گەڕانەوەی پێشمەرگە ھەنگاوێكی باشە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال، ئێمەش ئەو كات دەگەڕێینەوە ناوچەكەمان".

یەكێكی دیكە لە ئاوارەكانی شنگال بەناوی ھەیسەم یوسف، دەڵێ: "بێگومان ئەگەر پێشمەرگە بگەڕێتەوە شنگال خەڵك دەچێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی، كار و ئاوەدانی دەست پێدەكاتەوە. داواش دەكەین دوای ئەو ھەنگاوە شنگال بكرێتە پارێزگا".