به‌رپرسانی پێشووی هاوپه‌یمانان ستایشی رۆڵی پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن
K24 - واشنتن
نێردراوه تایبه‌ته‌كانی هه‌ردوو سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا باراك ئۆباما و دۆناڵد ترامپ بۆ سه‌ركردایه‌تیكردنی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش ده‌ڵێن "ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه و هه‌رێمی كوردستان نه‌بوونایه ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌موومان پڕ مه‌ترسی ده‌بوو".
له پێنجه‌مین ساڵیادی پێكهێنانی هاوپه‌یمانیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، نێردراوه تایبه‌ته‌كانی هه‌ردوو سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دۆناڵد ترامپ و باراك ئۆباما بۆ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، ستایشی رۆڵی پێشمه‌رگه و هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و دووپاتیان كرده‌وه كه‌وا ده‌بێت ئه‌مه‌ریكا و جیهان به‌رده‌وام بن له پشتیوانیی كردنی كورد.
ژه‌نه‌ڕاڵ جۆن ئاڵن، نێردراوی تایبه‌تی سه‌رۆكی پێشوی ئه‌مه‌ریكا باراك ئۆباما، بۆ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش ده‌ڵێت "ره‌وشی عێراق ئێستاش مه‌ترسیداره و ده‌بێت ئه‌مه‌ریكا بایه‌خێكی زۆر به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر وبه‌غدا بدات".
جۆن ئاڵن، بە كوردستان24ی گوت: "پێموایه ده‌بێ ئه‌مه‌ریكا جه‌خت له‌سه‌ر به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی درێژخایه‌ن بكاته‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ردوولا، له‌گه‌ڵ به‌غدا پێكه‌وه به زۆر شت تێپه‌ڕیووین، به‌ڵام راستیه‌كه ئه‌مه‌یه ئێمه و به‌غدا سه‌ركه‌وتوو نه‌ده‌بووین، له رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی داعش به‌بێ هه‌ماهه‌نگی حكوومه‌تی هه‌ولێر و سه‌ركردایه‌تی له هه‌ولێر".
برێت ماكگۆرك، له‌لایه‌ن دۆناڵد ترەمپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له جێی ژه‌نه‌ڕال جۆن ئاڵن، ئه‌ركی نوێنه‌رایتیكردنی پێراسپێردرا بۆ هاوپه‌یمانیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، له پانێڵه‌كه‌دا باسی له‌وه‌كرد، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌با نه له كۆبانێ له سووریا و نه له عێراق هاوپه‌یمانان نەیانده‌توانی داعش تێكبشكێنن.
ماكگۆرك، بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئه‌وان قاره‌مانن، سه‌یركه من له رۆژگاره تاریكه‌كانی شه‌ڕی داعش له‌وێ بووم و له نزیكه‌وە سه‌ردانی پێشمه‌رگه و سه‌نگه‌ره‌كانم ده‌كرد، له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی هه‌رێم هه‌ماهه‌نگیم ده‌كرد، لێره له ئه‌مه‌ریكا هه‌رگیز نابێ قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه له‌بیر بكه‌ین، به تێگه‌یشتنی من ئێستا سه‌رۆكی هه‌رێم نێچیرڤان بارزانی و سه‌رۆكی حكوومه‌ت مه‌سرور بارزانی كارێكی مه‌زن ده‌كه‌ن، ئه‌و حكومه‌ته‌ی كه‌وا عادل عه‌بدولمه‌هدیش سه‌رپه‌رشتی ده‌كات هه‌موو تواناییه‌كانی خۆی خستۆته‌گه‌ڕ، هه‌روه‌ها سه‌رۆك كۆمار، ئه‌مانه هه‌موو سه‌ركردەی مه‌زنن هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌ده‌ن، هیوادارم ئه‌مه‌ریكا وه‌ك دۆستێكی گرنگ له‌م نێوانه‌دا هاوكاریی هه‌ردوولا بكات".
هاوپه‌یمانیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له 10/9/2014 به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا پێكهێنرا، زۆربه‌ی به‌رپرسه باڵاكان و فه‌رمانده‌كانی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكا و نێوده‌وڵه‌تی له‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه‌دا به‌رده‌وام دان به‌وه‌ده‌نێن، كورد له‌بری هه‌موو جیهان شه‌ڕی داعشی كرد، بۆیه ده‌بێ پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كورد به‌هێزتر بكرێ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی ناوچه‌كه‌دا.
ھ.م