پۆلیسی ھەولێر روونكردنەوە لەسەر ھەڵمەتی داماڵینی چەك دەدات

"لە ماوەی شەش مانگدا ھەر كەسێك مۆڵەتی نەبێت دەست بەسەر چەكەكەیدا دەگیرێت"

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا زانیاری لەبارەی رێنماییە نوێیەكان بۆ ھەڵمەتی داماڵینی چەك لە ھەرێمی كوردستان خستەڕوو.

عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر رایگەیاند: "مەبەست لە چەكە قورسەكان ئەوەیە، كە لە ھەندێك شوێن چەكی قورس ھەیە، یان ھەندێك لەو كەسانەی پلەی سەربازییان ھەیە چەكی قورسیان لایە، پێویستە رادەست بكرێنەوە. بە پێچەوانەوە، دوای وادەی دیاریكراو، دەست بەسەر ئەو چەكانەدا دەگیرێت".

روونیكردەوە: "چەكی دەمانچە و كلاشینكۆف، ئەو كەسانەی ھەڵیدەگرن پێویستە مۆڵەتیان ھەبێت، جا ئەو كەسە لە ھەر پلە و پایەیه‌كدا بێت، ھەر كەسێك مۆڵەتی نەبێت دەست بەسەر چەكەكەیدا دەگیرێت".

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر، جەختیكردەوە: "ماوەی شەش مانگ دیاركراوە، دوای ئه‌وه‌ ھەر كەسێك چەكی بێ مۆڵەتی ھەبێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت، ئەوانەی مۆڵەتیشیان ھەیە و ژمارەی چەكەكانیان تۆمار كراوە، ھەر تاوانێك بەو چەكانە بكرێت، ئیجرائات لەگەڵ خاوەنەكانیان دەكرێت".

عەبدولخالق تەڵعەت، راشیگەیاند: "ئەو چەكانەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت، چەكە بچووكەكان رادەستی وەزارەتی ناوخۆ و چەكە گەورەكانیش رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێن".

لەبارەی بوونی بازاڕی چەك گوتی: "بازاڕی چه‌ك رێك دەخرێت و زیاتر كۆنترۆڵ دەكرێت، ئێستا بازاڕەكانی چەك لەژێر چاودێریی ھێزەكانی ئاسایش دان و كۆنترۆڵ كراون".