شەڕ لەنێوان سوپای سووریا و ھێزەكانی توركیا روویدا
K24 - ھەولێر
لە گوندێكی سەرێكانی رۆژئاوای كوردستان شەڕ لەنێوان سوپای سووریا و ھێزەكانی توركیا روویدا.
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمی حكوومەتی سووریا ئەمڕۆ لە گوندی ئوم شەعیفە لە سەرێکانی شەڕ لەنێوان سوپای سووریا و ھێزەكانی توركیا روویداوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، لە شەڕەكەدا چەكی قورس و مامناوەندی بەكارھێنراوە.
لەلایەكی دیكە میدیاكانی نزیك لە ھەسەدە بڵاویان كردەوە، سوپای توركیا و میلیشیاكانی سووریای سەر بە ئەنقەرە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ھێرشیان كردووەتە سەر گوندەكانی تەل تەمر و شەڕ لەنێوان شەڕڤانانی ھەسەدە و ھێزەكانی توركیا روویداوە.
ئەوە خراوەتەڕوو، چەكدارە میلیشیاكانی سووریای سەر بە توركیا دوو بنكەی رژێمی سووریایان كردووەتە ئامانج و چەند سەربازێكی سوپای سووریا كوژراون و ژمارەیەكی دیكەشیان برینداربوونە.
ئەمە لەكاتێكدا دوێنێ گەڕێكی دیكەی ھاوبەشی رووسیا و توركیا لە چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستان بەڕێوەچوو، لە ھەندێك ناوچەش خەڵك بەردبارانی زرێپۆشەكانی توركیایان كرد.
دوای ھێرشەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان لە 9/10/2019، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حكوومەتی سووریا رێككەوتنێكیان واژۆ كرد، دواتریش سوپای سووریا لە زۆربەی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان بڵاوەی پێكرا، كە ئەمەش بووەتە ھۆكارێك بۆ ئەوەی سوپای توركیا و میلیشیاكانی سووریای سەر بە ئەنقەرە نەتوانن پێشڕەوی زیاتر بكەن.