پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی ئاماده‌یه‌ و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت

فراكسیۆنی یه‌كگرتووه‌: ئەوانه‌ی مووچە و خانەنشینی نا شایستەیان هه‌یه‌ ترسیان لە چاکسازی ھەیە و نایانەوێت پرۆژەکە بکرێتە یاسا
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

له‌كاتێكدا كه‌ بڕیاره‌ سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان پڕۆژە یاسای چاكسازی پەسەند بكات و دواتر ره‌وانه‌ی پەرلەمان بكات، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: بە ئیرادەیەکی بەھێز پرۆژەیاسی چاکسازی تێدەپەرێنین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووش ئاشکرای دەکات، جارێکی دیکە حکوومەت پرۆژە یاساکە رەوانەی پەرلەمان دەکاتەوە.

ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: فراکسیۆنه‌كه‌یان چاوەرێییە حکوومەت رەشنووسی پرۆژە یاسای چاکسازی رەوانەی پەرلەمان بکات، داواش ده‌كات، ئەمجارە یاساکە تێکەڵی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکان نەکرێت، چونکە لە بەرژەوەندی خەڵکە و پێویستە ھەموو فراکسیۆنەکان بە پرۆژەی خۆی بزانن.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا شێركۆ جه‌وده‌ت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو دەڵێت: ئەو کەس و لایەنانەی مووچە و خانەنشینی نا شایستە وەردەگرن، ترسیان لە یاسای چاکسازی ھەیە و نایانەوێت پرۆژەکە بکرێتە یاسا.

سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوه‌، جارێکی دیکە لەگەڵ پەرلەمان پرۆژەیاسای چاکسازی بکەن به‌ یاسا و له‌ په‌رله‌مان تێپەرێندرێت، بۆیە لە ماوەی رابردوودا لێژنەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیران، دووبارە کاری لەسەر رەشنووسی پرۆژەکە کرده‌وە و ئێستا ئامادەیە، دوای پەسەند کردنی لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران، رەشنووسەکە رەوانەی پەرلەمان دەکرێتەوە.

H.B