فه‌رمانڕه‌وای دوبه‌ی دوو نهێنی خۆی و سه‌ددام و قه‌زافی ئاشكرا ده‌كات

شێخ محه‌مه‌د بن راشد کتێبی (چیرۆکی من.. 50 چیرۆک لە 50 ساڵ) بڵاوده‌كاته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ دووشەممە 14-01-2019 کتێبی "چیرۆکی من.. 50 چیرۆک لە 50 ساڵ"ـی شێخ محەمەد بن راشد فەرمانڕەوای دوبەی بڵاو دەبێتەوە. لەم کتێبەدا باسی ئەزموون و بەسەرهاتەکانی لە کاتی فەرمانڕەوایی خۆیدا دەکات.

شێخ محەمەد لەم کتێبەدا باس لە پەیوەندی نهێنی خۆی لەگەڵ سەددام حوسێن سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق دەکات کە لەساڵی 2003 پێشنیازی بۆ كردووه‌ بۆ ئەوەی کە ئەمەریکا هێرش نەکاتە سەر عێراق، واز لە دەسەڵات بهێنیت و بچێتە شاری دووەمی خۆی کە دوبەیە، له‌وەڵامدا سەدام رەتیكردووه‌ته‌وه‌و گوتوویه‌تی: "دەیەوێت عێراق رزگار بکات نەک خۆی".

هەروەها لەم کتێبەدا، باسی ئه‌وه‌كراوه‌ كه‌ موعه‌مه‌ر قەزافی رێبەری پێشووی لیبیا داوای لە شێخ محەمەد کردووە تەرابلوس "پایتەخت و گەورەترین شاری وڵاتی لیبیا" وەکو دوبەی دووەم ناو ببرێت.

شێخ محەمەد لە یەکێک لە کۆبۆنەوەکانی لەگەڵ سەددام نوسیوویەتی: "گفتوگۆمان لەگەڵ سەددام بە جۆرێک شه‌رمنانە دەستیپێکرد. ئینجا گرنگترین قسەی کە سەددام گووتی:" راپۆرتێکم هەیە کە ده‌ریده‌خات تۆ بە هەموو شێوەیه‌ک یارمەتی ئێران دەدەی" ئینجا راپۆرتەکانی لە پێشم دانا، منیش وەڵامم دایەوە :" من پێویستم بە راپۆرت نییە خۆم ئێستا لە لای تۆم، ئەگەر مەبەستت لە یارمەتی باری چەک و ته‌قه‌مه‌نییه‌، من ته‌حه‌دای هەمووان دەکەم و دەتوانم ئەوەش بسەلمێنم. بەڵام ئەگەر مەبەستت خۆراكه‌، بەڵێ ئێمە یارمەتی دەدەین و ئه‌م راپۆرتانەش پێویست نییە چونکە کەشتییەکانمان هەم بۆ ئێران هەم بۆ عێراق دەڕوات و منیش ناتوانم ئەم خێرخوازییە راوەستێنم"

شێخ محه‌مه‌د ده‌ڵێت: "رۆخساری سەددام وای پیشان دا کە سەرسام بووە چونکە ئەو بەس بەو قسەیه‌ی دەیەویست گوێ لێبێت خووی گرتبوو".

 لە ساڵی 2003 ئاشکرا بوو کە ئەمەریکییەکان دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر عێراق، جارێکیتر شێخ محەمەد دەڵێت:"دەمزانی کە هێرشکردن بۆ سەر عێراق ئامانجی جورج بووشی سەرۆک کۆماری ئه‌وكاتی ئەمەریکایە، هەوڵی زۆرماندا کە هێرش نه‌کاتە سەر عێراق، داوام لێکرد کە دارایی و سامانی وڵاته‌كه‌ بۆ دابینکردنی کتێبخانە و نەخۆشخانەکان و رێگەوبان و یارمەتی خەڵكی عێراق ته‌رخان بكات، بەڵام زانیم کە ئەو زۆر سوورە لە سەر ئەوەی هێزی خۆی بسەلمێنێت".

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی الشرق الاوسط: " شێخ محه‌مه‌د داوای لە ئەمەریکییەکان کردوە کە دەرفەتێک بدەن و پرسیم چیتان لە سەدام دەوێت؟، هەستم کرد ناوچەکە بەره‌و شەڕ ده‌چێت و ئامادەبووم بۆ ئەوەی کە میللەتەکان لە شەڕ دوور خەمەوە. ئەوان وەڵامیان دایەوە کە دیانەوێت تیمی لێکۆڵەرەکان بۆ گەڕان بەدوای چەکی ئەتۆمی بچنە عێراق. دەمزانی ئەگەر لەو ناوچەیە شەڕ دروست بێت وێرانکەر دەبێت، هەوڵمدا ئەمەریکییەکان بە گفتگۆکردن رازی بکەم، ئێمە عەرەبین و بەتایبەت دابونەریتمان زۆر لە یەک نزیکە و دەمزانی کە سەددام و کەسانی دیکەی وەکو ئه‌و چۆن بیر دەکەنەوە".

شێخ محه‌مه‌د بن راشد ده‌ڵێت: "خۆم چوومە لای سەددام، بە فرۆکە لە دوبەیه‌وه‌ چوومە بەحرەین و لەوێ لە رێگەی دەریاوە چوومە بەسرە. لە یەکێک لە پەناگاکان یەکمان بینی، ئینجا دەستمان بە قسەکردن لە سەر هەموو ئەو بابەتانه‌مان كرد كه‌ كۆك بووم له‌گه‌ڵ و دژیشی بووم. هەرچەندە ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌بووم زۆر زیاتر بوون. شەڕم بەبیرده‌هێنایەوە و دەمزانی ئەو کەسەی کەقسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م بەشێکی زۆری ژیانی لە شەڕدا بردووه‌ته‌ سه‌ر. ئاشکرا بوو کە ئەو نەیدەتوانی لەبەرامبەر ئەمەریکییەکان سەرکەوتوو بێت ئەگەر ئەو بیرێکی لێ نەکاتەوە عێراق هەموو شتێکی لەدەست دەدا، ویستم لۆژیكیانه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌م، چپاندم به‌ گوێیدا و گووتم: " ئەگەر وازهێنان لە دەسەڵات بۆ تۆ  پێویست بوو لەبەر عیراق وازبهێنە، دوبەی شاری دووەمی تۆیه‌ و بەردەوام بە رووی تۆدا کراوەیە. سەیریکی منی کرد و گوتی، بەڵام شێخ محەمەد من قسه‌ له‌باره‌ی رزگاریی عێراق دەکەم نەک رزگاربوونی خۆم"  پاش ئەوە سەدام حوسێن لە چاوی مندا زۆر گەورە بوو".

شێخ ده‌ڵێت:" ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ سەدام 5 کاتژمێری پێ چوو، کە سەدام 4 جار کۆبوونەوەکەی بە جێهێشت و هه‌رجار دەیەویست دەست بە قسەکردن بکەینەوە قاوەیه‌کی عەرەبی داوا دەکرد کە هێشتا تام و چێژی قاوەکەم لە بیرە. هەموو ئەو کەسانەی کە لە ناو کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون منیان دەترساند. لە نێوانیاندا، عبد حه‌مود، سکرتێری سەرەکی سەرۆک کۆمار بەشدار بوو. سەددام بۆ ماوەیه‌کی زۆر نەیدەتوانی لە شوێنێک بمێنێتەوە، لە بۆمبباران دەترساو دەیزانی ئەو کەسێکە کە نیشانشکێنەکان چاوەڕیی دەکەن".

شیخ محەمەد بن راشد ده‌ڵێت: "نەمتوانی سەددام حسێن قایل بكه‌م و كۆبوونه‌وه‌كه‌م جێهێشت و گەڕامه‌وه‌ بۆ دوبەی. پێش ئەوەی کە شەڕ دەستپێبکات جارێکیتر شێخ زاید پێشنیازی بۆ سەددام كرد کە وەکو پەنابەر بێته‌ ئەبوزەبی.

شیخ محەمەد لە کۆتایی چیرۆكه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سەددامدا نوسیوویه‌تی:" سەددام، هەڵەی کرد، وایدەزانی ترساندن و بەکارهێنانی شمشێر، باشترین رێگەیە بۆ رێبەریکردن. هەموو ئەو کەسانه‌شی لە دەوروبەری سەددام بوون، به‌ڵام دەترسان بۆیە کەس نەیدەوێرا لەبارەی هێزی راسته‌قینه‌ی سوپای عێراق قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكات".

لە کتێبه‌كه‌ی شێخ محەمەد دا، بەسەرهاتێکی دیکە لەبارەی قەزافی هاتووە و ده‌ڵێت:"رۆژێک قه‌زافی پەیوەندی پێوه‌كردم و گووتی: "دەمەویت لە لیبیا، دوبەی نوێ درووست بکەم و ببێتە پایتەختی ئابووری لە کیشوەری ئەفریقا".

شێخ محەمەد لە وەڵامی قەزافی، محمد القرقاوی بەڕیوەبەری نووسینگەی خۆی ناردە لیبیا. 2 رۆژ پاش گەیشتنی محمد القرقاوی، بردیانە کۆشکی قەزافی لە ناوچەی (باب العزیزیة) لە تەرابلوس، پاش ماوەیه‌کی بردیانە ژوورێکی گەورە کە قەزافی لەوێ دانیشتبوو وەکو کەسێکی زۆر ناشاره‌زا لە ئینتەرنێت دەگەڕا.

قەزافی گوتوویه‌تی: "ده‌مه‌وێت ئه‌و شتانه‌ی شیخ محەمەد لە دوبەی درووستیکردوە، لە لیبیا هەمان کار بکەم و داوا لە ئێوە دەکەم کە لە لیبیا وەبەرهێنان بکەن و ئەم ئاواتە نوێیەی وڵاته‌كه‌مان بەدیبهێنن و ئەزموونی ئێوەم پێویسته‌".

بە وتەی شێخ محەمەد، قەزافی جۆرێک قسەی کردوە وەك ئەوەی کە هیچ ئاگای لە مێژوو نییە و دەورووبەرییەکانی هەموو شتێکی لێ دەشارنەوە، قسەی زۆری کردووه‌ و گوتوویه‌تی کەیفی بە هیچ وڵات و سەرۆک کۆمارێک نایت و کەسیش ناتوانێ هیچ گفتوگۆیه‌کی لەگەڵ بکات و قسەکانیشی له‌ قسه‌ی رابه‌ر و سه‌ركرده‌یه‌ك نه‌چووه‌.

پاش ئه‌وه‌ی القرقاوی راپۆرتێكی له‌وباره‌یه‌وه‌ داوه‌، شیخ محەمەد، بڕیاری داوه‌ خۆی بچێتە لیبیا.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "لە رۆژی یەکەم چوومە شارێکی دیرین، شارێکی خەمبار. چۆن دەبێت وڵاتێکی دەوڵەمەند ئەوەندە وێران بێت، تەنانەت دوبەی لە دەیەی 50ـی زایینی کە كێشه‌ی کەمی ئاوی هەبوو و خەڵک کارەبایشیان نەبوو بەو شێوه‌یه‌ په‌رپووت و به‌دبه‌خت نەبووه‌. پاش ئەوە قەزافیم لە خێوه‌ته‌كه‌ی لە شاری "سێرت" بینی.

پاشان شێخ محەمەد لەگەڵ موعه‌مه‌ر قەزافی تەرابلوسیان بینی و گه‌شته‌كه‌ی کۆتایی پێهات، بەڵام ئەنجامێکی باشی نەبوو، ئیماراتییه‌كان لە پڕۆژەكه‌ی قەزافی بەشدارییان نەکرد، چونکە زانییان قەزافی زۆر جددی نییە و وڵاتەکەی لە قووڵایی گەندەڵیدایە و دەیەوێت شێخ محەمەد بۆ رێکلام و پڕۆپاگەندەی خۆی بەکار بهێنێت.

شیخ محەمەد دەڵێت:"قەزافی گۆڕانکاریی نەدەویست، تەنیا گۆڕانکاریی بۆ ئاره‌زووی خۆی ده‌كرد. چونكه‌ گۆڕانکاریی پێویست بە قسەکردن ناکات بەڵکو دەستکەوتی دەوێت".