وردەكاری كوژرانی ژنێكی بیانی لە ھەولێر ئاشكرا دەكرێت

ھەموو جوڵەكانی لە كاتی تاوانەكە تۆمار كراوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە ھەفتەی رابردوودا ئافرەتێكی نیپاڵی لە گەڕەكی گەنجان ستی لە ھەولێر دەكوژرێ و دوای بە دواداچوون و لێكۆڵینەوەی بنكەی پۆلیسی عنكاوە بە ھاوكاری ئاسایشی بەحركە گەنجێكی تەمەن 25 ساڵ كە ئاوارەی مووسڵە بە تۆمەتی كوشتنی ئەو ئافرەتە دەستگیر دەكەن و تۆمەتبار لە لێكۆڵینەوەكان دان بە تاوانەكەیدا دەنێت.

ھاوكات لیژنەی لێكۆڵینەوەی دادوەری لە شوێنی رووداوەكە ئامادە بوون و شێوازی چوونە ژورەوە و كوشتنی ئافرەتەكەش لە لایەن كەسی بكوژ بە تەواوی تۆمار دەكرێ و دۆسیەكەش رەوانەی دادگای تایبەت دەكرێ.

ئەو كەسە به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌ خۆی بە فەرمانبەری كارەبا دەناسێنێ و ئافرەتەكە دەرگای لێ ناكاتەوە، بۆیه‌ بە سەر دیواری ماڵەكە ئاودیو ده‌بێت و دەچێتە ژورەوە لە دانپێدانانەكەدا، تۆمەتباره‌كه‌ ئاماژەی داوه‌، به‌ نیازی تەنیا دزی بووە، بەڵام ئەنجامەكە بە كوشتنی ئافرەتەكە تەواو بووه‌، بەڕێوبەری پۆلیسی عنكاوەش ئاماژە بەوە دەكات جیا لەوەی دۆسیە ئەو ئافرەتە دەدرێتە دادگای كوردستان، لە ھەمان كات رادەستی  نوێنەری نیپاڵ دەكرێ بۆ بە دواداچوون و تۆماری سكاڵا.

تاوانبارەكە بەناوی (م. ع) لە دایك بووی 1993 مووسڵە و زیاتر لە چوار ساڵە وەك ئاوارە لە كوردستان دەژی و وەك خۆی باسی دەكات سەربازیشه‌ له‌ ریزی سوپای عێراق و تەنیا لە بەر پارە و دزی چووەتە ئەو ماڵە، دوای تاوانەكەش رادەكات، بەڵام لە لایەن پۆلیس و ئاسایش دەسگیر دەكرێت.

شەوی سێشەممە رێككەوتی 13ی ئه‌م مانگه‌ ئافرەتێكی نیپاڵی بە ناوی لامۆ تەمەنك، تەمەن 33 ساڵ دەكوژرێ و وەك لە گرتە ڤیدیۆكانی كامێراكان تۆمار كراوە، دەردەكەوێت كەسێك بەو جۆرە دەچێتە بەر دەرگا و دوای نەكردنەوەی دەرگا، تۆمەتباره‌كه‌ بە سەر دیوار ئاودیو دەبێت و دوای دزینی 2 ملیۆن و 500 ھەزار دیناری خاوەن ماڵ و 100 دۆلاری خزمەتكارەكە. بە دەمانچە ئافرەتەكه‌ دەكوژێت.

ھ.م