تەرمی کچێكی 10 ساڵ لە دهۆک بە كوژراوی دۆزرایەوە

داوای سزادانی تاوانباران دەكرێت

K24 - دھۆك

دلین وەلید، ئەو کچە 10 ساڵانەی کە لە دووەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە، لە کاتی سەردانیکردن و پیرۆزبایی جەژن بێ سەروشوێن بووە، ئەمڕۆ لە نزیک یاریگای دهۆک تەرمەکەی دۆزرایەوە.

وەلید، باوکی دلین بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ کاتژمێر 10ی بەیانی تەرمی کچەکەمان لە ناو شاری دهۆک دۆزیە و ئێستا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی دھۆكە".

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی پارێزگای دهۆک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە بارەی رووداوەکە بە کوردستان24ی گوت: "دوو کەس بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە دەستگیرکراون و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە کە دوای ئەوەی دەستدرێژیان كردووەتە سەر منداڵەکەیان کوشتووە و لەو شوێنە فڕێیانداوە".

سەرچاوەكەی پۆلیس ئاشکرای کرد: "دوو تاوانبارەکە کوردن و خەڵكی شاری مووسڵن، بەم دواییانە هاتوونەتە دهۆک و لەوێ نیشتەجێ بوونە".

هەواڵی كوشتنی دلینی 10 ساڵان لە ناو تۆڕە کۆمەڵاتییەکان دەنگدانەوەی زۆرى بە دوای خۆیدا هێناوە و هاووڵاتیان داوای هەرچی زووە دادگاییکردنی تاوانباران و سزادانیان دەكەن.

سێ ساڵ لەمەوبەر رووداوێکی ھاوشێوە لە شاری دهۆک روویدا، کە تێیدا مینای 5 ساڵان لەلایەن کەسێکەوە فڕێنرا و دوای دەستدرێژیی كردنە سەری لە گوندێکی نزیک شارەکە تەرمەکەی فرێدرابوو، بەڵام دوای دانپێدانی تاوانبارەکە و دادگاییکردنی، سزای له‌ سێدارەدانی بە سەردا جێبەجێکرا.

ھ.م