عومه‌ر ئۆسێ پیرۆزبایی له مه‌سرور بارزانی ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
له په‌یامێكدا به بۆنه‌ی ناوزه‌دكردنی مه‌سرور بارزانی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، عومه‌ر ئۆسێ، سه‌رۆكی ده‌ستپێشخه‌ریی نیشتمانیی كوورد له سووریا و هاوكات په‌رله‌مانتاری كورد له په‌رله‌مانی سووریا، پیرۆزبایی له مه‌سرور بارزانی ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئه‌و هه‌ڵبژاردنه رۆڵێكی ئه‌رێنی له رێكخستنه‌وه‌ی ناوماڵی ناوخۆی كوردستان ده‌گێڕێت و ده‌بێته هۆكاری به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ له به‌غدا و وڵاتانی دراوسێ". له په‌یامه‌كه‌دا هاتووه:
به‌یاننامه‌یه‌ك بۆ میدیا و رای گشتی:
پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له گه‌له‌كه‌مان له كوردستانی عێراق و ته‌واوی پێكهاته‌كانی عێراق و هه‌موو گه‌لی كورد ده‌كه‌م، به بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی برامان، مه‌سرور مه‌سعود مه‌لا مسته‌فا بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌و هه‌ڵبژاردنه رۆڵێكی ئه‌رێنی له رێكخستنه‌وه‌ی ناوماڵی ناوخۆی كوردستان ده‌گێڕێت، ده‌بێته هۆی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ له به‌غدا و وڵاتانی دراوسێ. هه‌روه‌ها ده‌بێته بنه‌مای ئاوه‌دانكردنه‌وه و به‌ره‌وپێشبردنی كوردستانی عێراق. له‌گه‌ڵ رێزم و هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی زیاتری بۆ ده‌خوازم، ئومێده‌وارم ئه‌م هه‌نگاوه ببێته ده‌ستپێكێك بۆ هه‌وڵدان له پێناو درووستكردنی باشترین په‌یوه‌ندی له نێوان هه‌ولێر و دیمه‌شق.
عومه‌ر ئۆسێ، سه‌رۆكی ده‌ستپێشخه‌ریی نیشتیمانیی كورد له سووریا - ئه‌ندامی كورد له په‌رله‌مانی سووریا.
H.B